رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی بەریتانیاوە، ئەو خانمانەی بەنیازی هاوسەرگیرین ئێستا زیاتر بیریان لای خەرجیی کەمترە وەک لە مۆدێلەکان.
جێنیفەر فاهی، راهێنەری هاوسەرگیرییە و رێنوێنیی کچان و کوڕانی بەریتانی دەکات باشتر پلانە داراییەکانی هاوسەرگیرییان دابڕێژن و دەڵێت، "ئێستا قەیرانی بژێوی کاریگەریی زۆری لەسەر بووک و زاواکان هەیە. شڵەژانێکی زۆر لە بازاڕدا هەیە، کە تێیدا بووکەکان نیگەرانن لە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان. بۆیە مەترسیی زۆر هەیە و بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریگەریی یەکجار زۆری لەسەر بووک و زاواکان داناوە."
لەیلا رێکهام بەمدواییانە هاوسەرگیریی کردووە، ئەو حەزی دەکرد ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لە ئیسپانیا بێت، بەڵام بەهۆی خەرجیی زۆرەوە ئاواتەکەی بەدینەهاتووە.
لەیلا رێکهام دەڵێت، "من دەڵێم دەبێت 100% بودجەکەت رێکبخەیت؛ ئێمە لە سەرەتاوە بودجەیەکمان دانا و ئەوەندەی توانیمان پابەندی بووین. خشتەیەکم دانابوو و هەموو شتێکم لە ناویدا تۆمار دەکرد، ئەگەر شتێکم ویستبا، سەیری خشتەکەم دەکرد بزانم چەند خەرجیی زیادەی دەوێت و دەتوانم بیکەم یاخود نا."
بەپێی خەمڵاندنەکان، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 350 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری لە بەریتانیا بکرێن و تێكڕای خەرجیی هەر هاوسەرگیرییەکیش 32 هەزار پاوەندە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە 8.6% بووە، کە بەرزترین ئاستە لە 40 ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندیی وڵاتەکەش پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە سەرووی 13%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ