دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڤیلادیمیر پووتین دەردەکات

17-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەرکرد. ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن؛ مۆسکۆش دەڵێت، بڕیارەکە لە رووی یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە. 
 
ئەمڕۆ هەینی، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پووتین دەرکرد. 
 
دیمیتری کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "چەرخی دادپەروەری دەسووڕێتەوە. دەستخۆشی لە بڕیاری دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دەکەم بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ڤیلادیمیر پووتین."
 
هاوکات ئەندرێ ئێرماک، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا دەڵێت: "ئەمە تەنیا سەرەتایە."
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە نامەیەکی تەلەگرامدا گوتی: "بۆ وڵاتەکەمان، بڕیارەکانی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی هیچ گرنگییەکیان نییە."
 
زاخۆراڤا دەشڵێت: "رووسیا لایەنێک نییە لە سیستمی بنەڕەتیی رۆمای تایبەت بە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و هیچ پابەندییەکیشی لەسەر نییە،" روونیشیکردەوە کە مۆسکۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگەکەدا ناکات. 
 
مەبەست لە سیستمی بنەڕەتیی رۆما رێککەوتنی دامەزراندنی دادگەکەیە. زاخارۆڤا گوتی: فەرمانەکانی دەستگیرکردنی "دەرکراو لە لایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە، لە رووی یاساییەوە پووچەڵن" بۆ رووسیا. 
 
هاوکات دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "رووسیا وەک زۆر لە وڵاتانی دیکە، دان بە کاری ئەو دادگەیەدا نانێت؛ بۆیە لە دیدگەی یاساییەوە، ئەم بڕیارانە پووچەڵن."
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتیی ئەوروپا ستاییشی بڕیاری دادگەکەی کرد و بە "بڕیارێکی گرنگ" بۆ دادپەروەریی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئۆکراینا ناویبرد. 
 
بۆرێل گوتی: "ئێمە هەمیشە لە یەکێتیی ئەوروپا روونمانکردووەتەوە کە ئەوانەی بەرپرسن لە دوژمنکاریی نایاسایی بۆسەر ئۆکراینا، پێویستە بە دادپەروەری بگەیێنرێن. ئەم فەرمانەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیش تەنیا دەستپێکێکە لە پڕۆسەی لێپرسینەوە."
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش بە هەمان شێوە، پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد. 
 
جەیمس کلێڤەرلی گوتی: "ئێمە پێشوازی لە هەنگاوی دادگەی سەربەخۆی تاوانی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ لێپرسینەوە لە سەرانی رژێمی رووسیا، لەوانەش ڤیلادیمیر پووتین. ئەوانەی لە تاوانی تۆقێنەری جەنگ لە ئۆکراینا بەرپرسن، پێویستە بە دادپەروەری بگەیێنرێن."
 
دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بریتییە لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە هۆڵەندایە و بڕیار بۆ دادگەییکردنی ئەو کەسانە دەردەکات کە تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.
 
بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو دادگەیە لە ساڵی 1919 پێشنیازکرا، بەڵام دامەزراندنی زۆر دواکەوت. لە 17ی تەمموزی 1998دا یاسای رۆما پەسندکرا کە بووە بنەمای دامەزراندنی دادگەکە. 123 وڵات یاساکەیان پەسندکردووە، بەڵام رووسیا لەو وڵاتانە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە