زیلینسکی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رازی بێت، پلانی ئاشتی پێشكێشی رووسیا دەکەین

16-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هەر کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەرپاکردنی ئاشتی رێککەوت، ئەوا پلانەکە پێشكێشی رووسیا دەکات.
 
رۆژی شەممە 15-06-2024 بە بەشداریی سەرکردەکانی 90 وڵات لە سویسرا کۆڕبەندێکی تایبەت بە ئاشتی بۆ ئۆکراینا کرا و رووسیا تێیدا بەشدار نەبوو.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکەی راگەیاند، هیوا دەخوازن کۆڕبەندەکە زەمینەیەک بۆ رێککەوتنێکی "دادپەروەرانە" و "درێژخایەن" لەگەڵ رووسیا فەراهەم بکات.
 
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی، "پێویستە پێکەوە بڕیار بدەین کە ئاشتیی دادپەروەرانە بۆ جیهان چۆن دەبێت و چۆن بە شێوەیەک بەدەستیدێنین کە بمێنێتەوە. دواتر لەگەڵ نوێنەرانی رووسیا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆئەوەی لە کۆڕبەندی دووەمی ئاشتیدا، بتوانین بە شێوەیەکی راستەقینە کۆتایی بە جەنگ بێنین."
 
زیلینسکی باسی لەوە نەکرد کە ئایا ئامادەیە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بکات یان نا. پێش ئەم لووتکەیەش، پووتین مەرجەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ خستنەڕوو، بەڵام ئۆکراینا و ئەمریکا رەتیان کردەوە.
 
سەرۆکی رووسیا داوای لە کیێڤ کرد، سەربازەکانی لە باشوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بکشێنێتەوە و هەوڵ نەدات ببێتە ئەندامی ناتۆ. زیلینسکی دەستبەجێ داواکارییەکانی رەتکردنەوە.
 
رۆژی شەممە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی داواکارییەکانی پووتینەوە گوتی، "ئەو داوای دانوستاندن ناکات، بەڵکو داوای خۆبەدەستەوەدان دەکات."
 
سەرکردەکانی رۆژئاوا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆکراینا دووپات کردەوە و جەختیان کردەوە، دەبێت رێککەوتنی ئاشتی، بەگوێرەی مەرجەکانی کیێڤ بێت.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، ئاگربەست "بەبێ دانوستاندنی جیدی لەسەر نەخشەڕێگەیەک بەرەو ئاشتی، تەنیا دەبێتە هۆی رەوایەتیدان بە داگیرکاریی نایاسایی رووسیا."
 
هەروەها ئورسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، "وەستاندنی ململانێکە بەم شێوەیەی ئێستا کە سەربازانی بیانی خاکی ئۆکراینایان داگیر کردووە، نابێتە چارەسەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە