رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا ترەمپ بە تەنزەوە داوا لە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەکات تاقیکردنەوەیەک بۆ بیرەوەری و هۆشیاریی خۆی بکات، بەڵام خۆی ناوی ئەو دکتۆرە بە هەڵە دەڵێت کە تاقیکردنەوەکەی بۆ کردووە.
شەوی شەممە 15-06-2024 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری بەهێزی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی مشیگن داوای کرد جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا تاقیکردنەوەی هزر و هۆشیاری بکات، بەڵام خۆی ناوی ئەو دکتۆرەی لێ تێکچوو کە لە 2018 تاقیکردنەوەکەی بۆ ئەنجامدابوو.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا لە دیترۆیت بە ئامادەبووانی گوت، "لە 2018دا ئەو تاقیکردنەوەیەم کرد، دکتۆر رۆنی جۆنسن بۆی کردم، ئەو ئەوکات پێی گوتم: من تەندروستترین سەرۆکی جیهانم."
ترەمپ ناوی دکتۆرەکەی بە هەڵە گوت، دکتۆرەکە خۆی ناوی (رۆنی جاکسن)ە و لە ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لە کۆشکی سپی دکتۆر بوو. جاکسن ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و نوێنەری ویلایەتی تێکساسە.
ترەمپ لەبارەی بایدنەوە گوتی، بایدن "هەر نازانێت وشەی هەڵاوسان بە واتای چی دێت، پێشنیاز دەکەم تاقیکردنەوەیەکی بیرەوەری بکات، هەروەک من کردم."
دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی 14-06-2024 تەمەنی بووە 78 ساڵ. هەمیشە رەخنەی لە بایدن گرتووە کە کەسێکی لاوازە و شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆک.
ترەمپ وا خۆی دەرخستووە کە تەندروستیی لەبارە و کەسایەتییەکی گەنجی هەیە، بەڵام جیاوازیی تەمەنی ئەو لەگەڵ بایدن تەنیا سێ ساڵە.
رۆژی 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و رکابەرییەکە لەنێوان ترەمپی کۆماری و بایدنی دیموکراتەکانە؛ لەوەتەی دوو سەرکردەکە خۆیان بەربژێر کردووە و راپرسی کراوە، ژمارەکان لە بەرژەوەندیی ترەمپ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ