رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و دەربڕینی ئامادەییان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا و کۆنسووڵخانەکانی 12 وڵات لە هەولێر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا "دەستخۆشی" لە حکومەت، پەرلەمان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بەرامبەر "پابەندبوونی بەردەوامیان بە بنەما و بەها دیموکراسییەکان."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "کۆنسووڵخانە گشتی و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێـمی کوردستان، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بەرامبەر پابەندبوونی بەردەوامیان بە بنەما و بەها دیموکراسییەکان."
13 کۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتییە رۆژئاواییەکە هەروەها "پێشوازی لە گیانی نوێبووەوەی پێکەوەکارکردن لە نێوان پارتەکان"ی هەرێمی کوردستاندا دەکەن.
ئەم راگەیێندراوە، چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "هەردوولا پەرۆش و هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا (لەمساڵدا)".
نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لەو بارەیەوە دەڵێن: "داوا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هەموو هەنگاوێکی پێویست بنێن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەڵبژاردنەکان بێ هیچ دواخستنێکی دیکە ئەنجامدەدرێن."
بڕیارە 18-11-2023 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام پێش ئەوە، پێویستە پێشوەختەش کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کارابکرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکرێتەوە.
کۆنسووڵخانەکان لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن: "ئێمە جەخت لە گرنگیی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەینەوە. لەو سۆنگەیەشەوە، داوا لە هەموو دامودەزگا، لایەنە پەیوەندیدارەکان و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین پێکەوە کاربکەن و بەسەر بەربەستە بەجێماوەکاندا زاڵبن بۆ ئەوەی پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن زامن بکەن کە پابەند بێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت، لەوانەش ژنان و کەمینەکان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی دیموکراسیدا."
رۆژی 11-05-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن".
لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی، لە راگەیێندراوەکە هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی دەڵێن "وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستدا هات، هەردوولا هاوڕابووین کە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و، نێوماڵی کوردستان رێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندییەکان بکرێتەوە".
دوای زیاتر لە شەش مانگ، رۆژی 14-05-2023 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی گەڕانەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و پڕۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی یەکێتی بۆ گەڕانەوەی کۆبوونەوەکان، پەسندکرا.
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی باسی پڕۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کراوە و دەڵێن، "دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پەسندکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەى تێکڕای لایەنەکانی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمە و هەردوو مەکتەبی سیاسی بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەین".
لەبارەی بەردەوامی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا بڕیاریانداوە وەکو یەک تیم کاربکەن و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت بۆ فەراهەمکردنی کەشوهەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی لە ناوچەکەدا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ