رووداو دیجیتاڵ
هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە رۆژی 21ـەمیندایە. گفتوگۆی ئەو دوو وڵاتەش لەلایەکی دیکەوە لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و وەستانی جەنگەکە بەردەوامە. سەرۆکی ئۆکرایناش دەڵێت، گفتوگۆکان خەریکە زیاتر "راستەقینە" دەبن.
نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی 691 هاووڵاتیی سڤیل لە سەرەتای هێرشەکەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە 48 یان منداڵ بوون. ئۆکرایناش باس لە کوشتنی زیاتر لە 13 هەزار و 500 سەربازی رووسیا دەکات، مۆسکۆ ئامارەکانی پشتڕاستنەکردووەتەوە و زانیاریی نوێشی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر ئەوەی چەند سەربازیی ئۆکراینییان کوشتووە.
رووسیا تۆپباران و بۆردوومانەکانی لەسەر رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئۆکراینا چڕکردووەتەوە، لە رۆژئاوای ئۆکرایناش خەڵک بەردەوامە لە جێهشتنی وڵات بەرەو وڵاتانی دراوسێ. رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت، ژمارەیان گەیشتووەتە سەرووی سێ ملیۆن کەس.
دۆخی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا
بەرپرسانی کیێڤ دەڵێن رووسیا هێرشەکانی بۆسەر باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل زیادکردووە. ڤیتالی کلیتسچکۆ، سەرۆک شارەوانیی شارەکە هۆشداریدەدات لەوەی کە کیێڤ بەرەوڕووی "ساتێکی زەحمەت و مەترسیدار" دەبێتەوە و قەدەخەیەکی گشتیی هاتووچۆی 35 کاژێریی راگەیاند.
لە بۆردوومانکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی 16 نهۆمیدا لە کیێڤ، لانیکەم دوو کەس کوژران. زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی شارەکەش هەڵاتوون.
زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە ئۆکراینایان بەجێهشتووە، ئەوە بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ. ئاژانسی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) دەڵێت نیوەی ئەو خەڵکە منداڵانن. ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 1.8 ملیۆن لەو کەسانە چوونەتە پۆڵەندای دراوسێ.
مۆسکۆ سزای بەسەر بایدن و بەرپرسانیدا سەپاند
رۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سزایان بەسەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرە باڵای کابینەکەیدا سەپاندووە، ئەوەش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سەرۆک و بەرپرسانی رووسیا
لەژێر ئەو سزایانەی مۆسکۆدا، هەریەکە لە بایدن، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە؛ لۆید ئۆستن، وەزیری نێوخۆ؛ مارک میلی، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکان؛ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی؛ ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی و ژمارەیەکی بەرپرسی دیکەش ناتوانن سەردانی رووسیا بکەن.
گفتوگۆی "ئەرێنی"
دانوستاندنکارێکی ئۆکراینی دەڵێت، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆدا دەستیپێکردووە و هەردوو لاش ئاماژە بە هەبوونی بەرەوپێشچوون دەکەن.
ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پێشتر گفتوگۆکانی بە "زۆر باش" ناوبردبوو، کرێملینیش گوتبووی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان "خۆی لە خۆیدا شتێکی ئەرێنییە."
زێلێنسکی درەنگانی شەوی رابردوو لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و گوتی، دانوستاندنەکان ئێستا زیاتر "راستەقینەن."
سەرکردەکانی ئەوروپا دەچنە ئۆکراینا
سەرۆکۆوەزیرانەکانی پۆڵەندا، چیک و سلۆڤینیا بە شەمەندەفەر دەڕۆنە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بۆ بینینی ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی.
پۆڵەندا دەڵێت، مەبەست لە سەردانەکە "دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی نەبڕاوەی تەواوی یەکێتیی ئەوروپایە" بۆ ئۆکراینا.
ژمارەی رۆژنامەڤانە کوژراوەکان بۆ چوار کەس بەرزبووەوە.
رۆژی سێشەممە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، وێنەگرێکیان لە ئۆکراینا کوژراوە و پەیامنێرێکیشیان برینداربووە. پێشتریش لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئۆکراینا کوژرانی سێ رۆژنامەڤان و برینداربوونی 30ـی دیکەی پشتڕاستکردبووەوە.
بەریتانیا سزای زیاتر بەسەر رووسیادا دەسەپێنێت
بەریتانیا 350 کەسی دیکەی رووسی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، پێناسی گومرکی لەسەر هاوردەکردنی ڤۆدکا و ئاسنی رووسی زیادکرد و هەناردەکردنی ژمارەیەک کاڵا و شمەکی لە وڵاتەکەیەوە بۆ رووسیا قەدەخەکرد.
"زیانی گەورە" بەر فڕۆکەخانەی دنیپرۆ کەوت
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن بۆردوومانی رووسیا بۆسەر فڕۆکەخانەی شاری دنیپرۆ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا "زیانی گەورەی" بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و رێڕەوی فڕینی فڕۆکەکانی لەنێوبردووە.
چین لە سزاکانی سەر رووسیا نیگەرانە
وەزیری دەرەوەی چین دەڵێت پەکین "بەشێک نییە لە کێشە"ـی ئۆکراینا و نایەوێت بەهۆی سزاکانی سەر مۆسکۆ، زیان بەر چین بکەوێت. ئەمە لە دوای ئەوەی کە ئەمریکا رایگەیاند، مۆسکۆ داوای لە پەکین کردووە لە لایەنی ئابووری و سەربازییەوە یارمەتیی بدات.
واشنتن پێشتر نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر "یەکڕیزبوونی" رووسیا و چین دەربڕی، لە کاتێکدا کە پەکین رەتیدەکاتەوە سەرکۆنەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بکات. رۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئەمریکا و چین لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گفتوگۆی دوورو درێژیان کرد.
ئەڵمانیا هۆشداری لەبارەی کاسپێرسکای رووسییەوە دەدات
ئاژانسی ئاسایشی ئینتەرنێتیی ئەڵمانی BSI داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات، خۆیان لە بەکارهێنانی پڕۆگرامی دژەڤایرۆسی رووسی کاسپێرسکای بە دووربگرن، لەبەر ئەوەی پێیوایە دەکرێت لە بەرژەوەندیی رووسیادا بەشداری لە هێرشی ئەیلیکترۆنیدا بکات.
لە ساڵی 2017ـەوە، ئەمریکا بەکارهێنانی ئەو پڕۆگرامەی لە هەموو دامەزراوە حکومییەکانی خۆی قەدەخەکرد. هاوکات کۆمپانیای کاسپێرسکای رەتیدەکاتەوە هاوسۆزی کرێملین بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ