رووداو دیجتاڵ
لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئیلیزێ) لە پاریس، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 16-2-2023) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. جگە لە پرسی ئەمنی، بڕیارە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان پاریس و هەولێر تاوتوێ بکەن.
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا پشتیوانێکی دیاری ناوچەکە بووە.
ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە هەزار سەرباز لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەشداربوو. لە ساڵی 2014ـەوە هەزار و 459 هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریا کردووە، دوو هەزار و 251 ئامانجی داعشی تێکشکاندووە.
فەرەنسا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بونیادنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
هەروەها مەشق و راهێنانی بە 10 هەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە. ئەمە جگە لەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ سووریا تەرخانکردووە. 45 ملیۆن یۆرۆ لەوانەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
بڕیارە پرسی ئەمنی یەکێک بێت لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان ماکرۆن و مەسرور بارزانی لەکاتێکدا ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکەشیان بەپێی ئەجێندای سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا کاژێر 16:00 بە کاتی فەرەنسا دەبێت، کە دەکاتە کاژێر 18:00 بە کاتی هەولێر.
مێژووی نوێی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین لە ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راهێنان. لە شەڕی دژی داعشیشدا فەرەنسا پشتیوانیی لە پێشمەرگە کرد.
عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و پێشمەرگەوە دەڵێ "تیمی فڕۆکەوانیی فەرەنسی لەڕێگەی بۆردوومانی ئاسمانییەوە هاوکارییەکی باشی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە بەرەکانی جەنگدا کرد، هەروەها لەرووی کۆکردنەوەی زانیارییەوە فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بوو، کە پێشەنگ بوو و توانی هاوکارییەکی باشی میحوەرەکانی پێشمەرگە بکات".
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوە دەکات "دوای دامەزراندنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، (فەرەنسا) بووە بەشێک لە هاوپەیمانیێتییەکە. تیمێکی تایبەتیان هاتە هەرێمی کوردستان و لە چەند بوارێکدا هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان کرد. یەکێک لە بوارەکان ئەوەیە تیمێکی مەشقپێکردنیان نارد، کە بوونە بەشێک لە سەنتەری کوردستان بۆ مەشقی هێزی پێشمەرگە، کە ئەوکاتە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دایمەزراند".
سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس، سێ هەفتە دوای پێشوازیکردنی فەرەنسا لە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت، کە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری وزەدا واژۆکرد. بڕیارە لەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیشدا، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان پاریس و هەولێر تاوتوێ بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ