پەرلەمانتارێکی ئەورووپا بۆ رووداو: گرنگە پیشانی بدەین هاوسۆزیی پەرلەمانەکەمان بۆ کورد چەندە فراوانە

15-11-2024
تەنیا ئەحمەد
ئەندریاس شیدەر، ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەرووپا
ئەندریاس شیدەر، ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەرووپا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانی ئەورووپا گرووپێکیان بۆ کارکردن لەسەر پرسی کورد پێکهێناوە. پەرلەمانتارێکیان دەڵێت، "درووشممان هاوسۆزییە بۆ گەلی کورد و گەیاندنی دەنگی کوردە بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا."
 
رۆژی هەینی 15-11-2024 ئەندریاس شیدەر، ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەرووپا بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداوی لە ستراسبۆرگی فەرەنسا گوت، "گرنگە پیشانی بدەین هاوسۆزیی پەرلەمانی ئەرووپا بۆ کورد چەندە فراوانە. گرنگە ئاماژەیەکی زۆر بەهێز بنێرین کە هاوسۆزییەکی زۆر لە پەرلەمانی ئەورووپاوە [بۆ کورد] هەیە."
 
مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانێکی نوێ کرا. دوای دەستبەکاربوونی پەرلەمانتارەکان و دروستبوونی لیژنەکان، ژمارەیەک پەرلەمانتار لە فراکسیۆن و وڵاتە جیاوازەکان گرووپێکیان بەناوی کارکردن بۆ کورد (Kurdish Working Group) پێکهێنا.
 
شیدەر ئەندامێکی ئەو گرووپەیە و گوتی، "ئەم گرووپە بۆ ئەوەیە پرسی کورد دەنگێکی هەبێت، لە هەموو ئەو ناوچە و وڵاتانەی کوردی لێیە. چەندین کێشە و دۆخی سەخت و هەستیار هەن. زۆر گرنگە بتوانین ببینە دەنگێک بۆ ئەو کێشانە لەنێو پەرلەمانی ئەورووپادا. درووشمی ئێمەش بریتییە لە هاوسۆزی بۆ گەلی کورد."
 
لەنێو گرووپەکەدا پەرلەمانتاری خەڵکی یۆنان، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، سوێد، فەرەنسا، ئیسپانیا و نەمسا هەن. هەردوو پەرلەمانتاری ئەورووپی-کورد، ئەڤین ئینجیر و ئوزلەم دەمیرەل لە نێو گرووپەکەدا کار دەکەن.
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ئەندریاس شیدەر، ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەرووپا:
 
رووداو: بەڕێز شیدەر، دەتوانن پێمان بڵێن چی لە ئەجێندای ئێوەدا بۆ پێنج ساڵی داهاتووی ئەم فراکسیۆنە لە پەرلەمانی ئەورووپا هەیە؟ ئێوە ناوەکەتان گۆڕیوە بۆ (کارکردن بۆ کورد) . ئایا ئەوە بە واتای ئەوە دێت گرووپی دۆستایەتی نەما؟
 
ئەندریاس شیدەر: ئەمە گرووپێکی کارکردنە بۆ کورد، چونکە زۆر شت هەن کە دەبێت کاریان لەسەر بکەین. ئەم گرووپە بۆ ئەوەیە پرسی کورد دەنگێکی هەبێت، لە هەموو ئەو ناوچە و وڵاتانەی کە کوردی لێیە. چەندین کێشە و دۆخی سەخت و هەستیار هەن. زۆر گرنگە ئێمە بتوانین ببینە دەنگێک بۆ گەیاندنی ئەو کێشانە بۆ نێو پەرلەمانی ئەورووپا. هەروەها، بۆ ئەوەی ئاماژەیەکی زۆر بەهێز بنێرین کە هاوسۆزییەکی زۆر لە پەرلەمانی ئەورووپاوە [بۆ کورد] هەیە. ئەمڕۆ ئێمە وەک گرووپی دۆستانی کورد کۆبووینەتەوە. ئێمە ئەندامی پارتی جیاوازین و لە وڵاتی جیاوازی ئەورووپاوە هاتووین، بەڵام لەسەر مژاری پشتگیری بۆ پرسی کورد یەکگرتووین. ئەگەر باسی چەند نموونەیەک بکەم، لەماوەی رابردوودا لە تورکیا بینیمان چەند کاربەدەست و سەرۆک شارەوانییەک دەستگیرکران؛ هەروەها بینیمان هەوڵێکی بچووک لە پێناو چارەسەری سیاسی هەبوو بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ بەرەوپێشچوونێکی نەبوو، هەرچەندە هەنگاوێکی باشبوو، بەرپرسە کوردەکانی نێو حکومەتی تورکیاش بە جیدی کاریان بۆ دەکرد. هەروەها، هێرش بۆ سەر ئەو ناوچەیە هەبوو کە ئێمە پێی دەڵێین (رۆژئاڤا). لەلایەکی دیکەوە کاتێک سەیری دۆخی کوردی ئێران دەکەی، دەبینی کە چەندە دۆخەکە سەختە. چەندین کار هەن بکرێن. درووشمی ئێمەش بریتییە لە هاوسۆزی بۆ گەلی کورد.
 
رووداو: ئێوە چاوەڕێ دەکەن ژمارەی پەرلەمانتاران لە نێو گرووپەکەتان زیاد بێت؟
 
ئەندریاس شیدەر: لیستێکی درێژی ئەندام پەرلەمانەکان هەیە کە ئامادەن، نەوەک تەنیا لە پارتی سۆسیال و چەپ و سەوزەکان، بەڵکو لە لایەن لیبراڵەکان و ئەوانی دیکەش. پێم وایە ئەمە گرنگە. گرنگە پیشانی بدەین هاوسۆزیی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ کوردەکان چەندە فراوانە. ئەو گفتوگۆیانەی کە بڕیارە لە داهاتوودا بکرێن زۆر چالاک دەبن، دەشزانین پشتگیرییەکی زۆر لە چالاکی و کارەکانمان دەکرێت. دەتوانین بڵێین لیستێکی درێژ لە ناوی ئەندام پەرلەمانەکان هەیە بۆ پەرلەمانی ئەورووپا.
 
رووداو: ئاگادارن کە هیچ هەوڵێک لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپا یان وڵاتانی ئەندامەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەنێوان کورد و حکومەتدا هەبێت؟
 
ئەندریاس شیدەر: بەڵێ، پشتگیری بۆ پرۆسەی ئاشتی هەیە. ئێمە دەزانین و دەبێت لەوە تێبگەین ئەگەر ئاشتیمان دەوێت، بەتایبەت ئەگەر داوای ئاشتی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بکەین  کە تێیدا هەموو نەتەوەیەک مافی چارەی خۆ نووسینی هەبێت، مافی پیشاندانی کولتووری هەبێت، مافی خوێندن و پەروەردەی بە زمانی خۆی هەبێت، بۆ ئەوە پێویستیمان بە چارەسەری سیاسی هەیە. ئێمە دەزانین چارەسەری سەربازی، چارەسەر نییەم چونکە خەڵک زیانی زۆری پێدەگات. بۆیە پێویستمان بە چارەسەری سیاسی هەیە. بۆ ئەم چارەسەر سیاسییەی باسم کرد، هاوبەشێکیشمان پێویستە. ئەو هاوبەشە پێویستە لەلایەنی تورکیاوە بێت. بۆیە ئەگەر رژێمی تورکیا و ئەردۆغان گوشار نەک تەنیا بخاتە سەر کوردەکان، بەڵکو بیخەنە سەر میدیاکاران، هونەرمەندان، رۆژنامەڤان و خەڵکی دیکە، کۆمەڵگەیەک دروست دەبێت کە ئازاد نابێت و ئازادی تێدا نابێت. ئەمە شتێکە ئێمە دژین و دەمانەوێت کۆمەڵگە ئازادیی زیاتری هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە