پۆلیسی فەرەنسا: لە شەڕی هاندەرانی ئیسرائیل و فەرەنسادا 40 کەس دەستگیر کران

15-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی فەرەنسا دەڵێت، لە شەڕی نێوان هاندەرانی هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئیسرائیلدا 40 کەسیان دەستگیر کردووە.
 
رۆژی هەینی 15-11-2024 پۆلیسی شاری پاریس لە فەرەنسا رایگەیاند، لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئیسرائیل لەنێوان هاندەرانی هەردوولا شەڕ و ئاژاوە دروستبوو.
 
شەوی پێنجشەممە 14-11-2024 هەردوو هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتیی خولی نەتەوەکان (نەیشنزلیگ) لە یاریگەی ستەید دی فرانس لە شاری پاریس رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. حکومەتی فەرەنسا نزیکەی 4000 پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگەکە جێگیر کرد، ئەوەش جگە لە بڵاوەپێکردنی 1600 پۆلیسی مەدەنی.
 
دوای دەستپێکردنی یارییەکە، گرژی لەنێوان هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە دروستبوو و شەڕێکی دەستەویەخەی لێکەوتەوە. لە چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەردەکەوێت، چەند هاندەرێک کە ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵگرتووە و رادەکەن، لە پشتیانەوە چەندین کەس بەدوایان کەوتوون و فیکەیان بۆ لێدەدەن. پۆلیس زوو خۆی گەیاندە شوێنەکە و بڵاوەی بە هاندەرەکان کرد.
 
لە ڤیدیۆیەکی دیکە دەردەکەوێت، چەند هاندەرێکی ئیسرائیل بە کۆمەڵ لە ژنە هاندەرێکی فەرەنسی دەدەن.
 
لۆرێنت نونێز، بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس رایگەیاند، "دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس توانییان بگەنە شوێنی گرژییەکە. یارییەکە بەباشی بەڕێوەچوو."
 
یاریگەکە شوێنی 80 هەزار هاندەر دەگرێت، بەڵام تەنیا 16 هەزار و 611 هاندەر ئامادەبوون. ئەوە یەکەمجار بوو ئەو ژمارە کەمەی هاندەرانی فەرەنسا لە یارییەکی هەڵبژاردەی پیاوانی فەرەنسا ئامادەبن.
 
یارییەکە بەبێ گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتاییهات، بەڵام فەرەنسا توانی بەو یەک خاڵەی لە یارییەکە بەدەستیهێنا، خۆی بگەیێنێتە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا هەفتەی رابردوو لە ئەمستەردامی هۆڵەندا، لە یاریی نێوان یانەی ئەیاکسی هۆڵەندی و ماکابی تەلئەڤیڤی ئیسرائیلی لە پاڵەوانێتیی یۆرۆپالیگ، هاندەرانی یانە هۆڵەندییەکە لە دەرەوەی یاریگە هێرشیان کردە سەر هاندەرانی ماکابی و لێیاندان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە