رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەمریکا رایگەیاند، مووشەکەکانی رووسیا لە نێو سنووری پۆڵەندای ئەندامی ناتۆ کەوتوونەتە خوارەوە و دوو کەسیان کوشتووە. دوای رووداوەکە، ژمارەیەک وڵاتی دراوسێی پۆڵەندا و ئۆکراینا کۆبوونەوەی بەرگرییان ئەنجامدا و پشتیوانیی یەکڕیزیی خۆیان لەگەڵ پۆڵەندا دووپاتکردەوە.
رووداوەکە دوای ئەوە هات کە رووسیا هێرشیکی مووشەکیی بەرفراوانی کردە سەر باشوور، نێوەڕاست، باکوور و رۆژئاوای ئۆکراینا، دوای ئەوەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە خێرسۆن کشایەوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیاش رایگەیاند، ئەوان هیچ پێگەیەکی سەر سنووری نێوان ئۆکراینا و پۆڵەندایان بە ئامانج نەکردووە.
پایۆتر مولەر، گوتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا لە تویتێکدا رایگەیاند، ماتوێز مۆراڤیێتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ لیژنەی ئاساییشی نیشتمانی و کاروباری بەرگری ئەنجامداوە.
هاوکات زۆڵتان کۆڤاچ، گوتەبێژی حکومەتی هەنگاریا رایگەیاند لە کاردانەوەی ئەو رووداوەدا، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای بەرگری کۆبووەتەوە.
پاتریک رایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری راپۆرتەکانی کەوتنەخوارەوەی مووشەکی رووسی لە نێو سنووری پۆڵەندان و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، بەڵام وردەکاریی زیاتریان لا نییە.
هاوکات ئارتیس پابریک، وەزیری بەرگریی لاتڤیا لە تویێتکدا سەرەخۆشیی خۆی بۆ پۆڵەندا دەربڕی و رایگەیاند: "رژێمی تاوانکاریی رووسیا مووشەکی ئاراستەی نەک تەنیا خەڵکی سڤیلی ئۆکراینی کردووە، بەڵکو مووشەکانی لە خاکی ناتۆ لە پۆڵەندا کەوتوونەتە خوارەوە. لاتڤیا بە تەواوی لەگەڵ هاوڕێ پۆڵەندییەکان دەوەستێت و ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکات."
بە گوێرەی میدیای ئۆکراینی، کیێڤ، هەرێمی کیێڤ، خارکیڤ، پۆلتاڤا، میکۆلایڤ، دنیپرۆ، ژیتۆمیر، خمێلنیتسکی، لڤیڤ، چێرکاسی، ئۆدێسا و چێرنیهۆڤ بوونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆی رووسیا.
میدیای ئۆکراینی دەڵێت، 15 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئەنجامی هێرشەکان زیانیان بەرکەوتووە و حەوت ملیۆن ماڵ بێ کارەبا بوون.
سەرۆکشارەوانیی لڤیڤ رایگەیاند، کارەبای 80٪ی شارەکە پچڕاوە.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی مۆڵدۆڤا، هێرشەکان کاریگەریی لەسەر وڵاتەکەشیان هەبووە. نیکۆ پۆپێسکو لە تویتێکدا نووسیویەتی: "لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا و دامەزراوە گرنگەکانی، لە چەند بەشێکی مۆڵدۆڤا کارەبا بچڕاوە."
هەروەها وەزیری دەرەوەی مۆڵدۆڤا دەشڵێت: "هەر بۆمبێک بەسەر ئۆکراینادا بکەوێتە خوارەوە، کاریگەری لە مۆڵدۆڤا و خەڵکەکەشمان دەکات."
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیای کرد و بەڵێنی دا "تاوەکو پێویست بکات" پشتیوانی لە ئۆکراینا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ