بۆچوونی خەڵکی کابوول لەسەر بزووتنەوەی تاڵیبان چییە؟

15-08-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دیمەنێک لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان
دیمەنێک لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان
نیشانەکردن بزووتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستان کابوول
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تاڵیبان لە دەروازەی کابوولە و خەڵکی شارەکەش رای جیاوازیان هەیە، هەندێکیان جۆرێک لە دڵەڕاوکێیان پێوە دیارە، هەندێکیان بەلایانەوە ئاساییە تاڵیبان حوکمیان بکات، چونکە پێیانوایە گرووپە چەکدارییەکە چیدی وەکو جاران لە حوکمڕانیدا پەرگیڕ نییە.
 
عەبدولواحید، دانیشتووی کابوول دەڵێت "ئێستا باشە، خەڵک لەگەڵیان باشە. گوتوویانە هەموو کەسێک دەتوانێت بچێتە قوتابخانە. کچان و کوڕان. ژیان ئاساییە، بەڵام سەبارەت بە داهاتوو ئێمە نازانین چی روودەدات".
 
مریەم، دانیشتووی کابوول دەڵێت "ناترسم لەبەر ئەوەی من کچم. من دەزانم تاڵیبان شەڕ دەکات، مەیدان شاهر دەروازەی کابوولە، ئەوان لەوێن. من لەوان ناترسم، ئێمە خەڵکی سەردەمی تاریکی نین".
 
هیرات، سێیەم گەورەترین شاری ئەفغانستانە، ئەفغانییەکان بۆ جاری دووەم ئەزموونی حوکمڕانیی بزووتنەوەی تاڵیبان تاقیدەکەنەوە. لەوێش هاوشێوەی کابوول ژیان ئاساییە و خەڵک خەریکی کار و کاسبیی خۆیانن.
 
چەکدارێکی بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێت، "دامودەزگاکان لە بەیانییەوە دەست بە کاری خۆیان دەکەن، هیرات شارێکی ئێجگار گەورەیە، ئێمەش هەر خۆمان لێرەین و بازاڕەکان ئاسایین و خەڵک بە حوکمی ئێمە دڵخۆشن، بە خزمەتگوزارییەکانمان دڵخۆشتر دەبن".
 
پێشڕەوییەکانی تاڵیبان لە ناوچەکانی دیکەی ئەفغانستان چیدی چاوەڕواننەکراو نین، گرووپە چەکدارییەکە لە نوێترین دەستکەوتیدا بەبێ شەڕ دەستی بەسەر جەلالئابادی ناوچەی ستراتیژیی رۆژهەڵاتی کابوولدا گرت، تاڵیبان هەروەها دەستی بەسەر مەزاری شەریفی چوارەم گەورەترین شاری ئەفغانستانیش داگرتووە، ناوەندی هەریەک لە بامیان و پەروان و وەردەک لە دەست تاڵیبانن. ئەمڕۆش دەستی بەسەر کۆشکی کۆماری لە پایتەختی ئەو وڵاتەدا گرت.
 
بزووتنەوەی تاڵیبان سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ئەفغانستانی گرتووە و دەڵێت تەنیا رێگەی دەرچوون کابوولی پایتەختە.
 
ئەمریکا دەزانێت ئەمجارە مەترسییەکە راستییە، بۆیە بەیانیی رۆژی یەکشەممە 15-08-2021 بە فڕۆکەیەک سەرجەم کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی گواستەوە، گڕیشی لە فایلە هەستیار و نهێنییەکان بەرداوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەرگری لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان کرد، گوتی "من چوارەم سەرۆکم شەڕی ئەفغانستان دەبینم، ناهێڵم بۆ سەرۆکی پێنجەم بەجێ بمێنێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە