فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا سەرکۆنەی دوایین رێکاری ئەتۆمیی ئێران دەکەن

15-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا رۆژی شەممە، سەرکۆنەی "دوایین رێکاری" ئەتۆمیی ئێرانیان کرد، دوای ئەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران توانا ئەتۆمییەکانی پێشدەخات. 
 
ئەو سێ هاوپەیمانە ئەوروپییە دەڵێن، هەنگاوەکانی ئێران دژی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم باسی لەوە کردبوو، تاران ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دوو بنکەی ئەۆتۆمی، زیاددەکات.  
 
وەزارەتەکانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: "ئەم رێکارانە دەبنە هۆی زیادبوونی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و زیادبوونی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمەکە، کە ئاستەکەی ئەو سنوورەی تێپەڕاندووە" کە لە رێککەوتنی ساڵی 2015ـدا بۆی دانرابوو. 
 
ئەم سەرزەنشتکردنەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە هەفتەیەک زیاتر دوای ئەوە دێت کە دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران لە بەرامبەر هاوکارنەبوونی لە پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانیدا، دەرکرد. 
 
ئێرانیش بڕیارنامەکەی سەرکۆنەکرد و بە "پەلەلێکراو و نادانا" ناویبرد.
 
تاران رەتیدەکاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و دەڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ دروستکردنی وزەی کارەبا و ئامانجە شارستانییەکانی دیکەیە.
 
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دەڵێن، گرتنەبەری ئەو رێکارانە لەلایەن ئێرانەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کارێکی قبووڵنەکراوە. 
 
هەروەها جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی کردەوە بۆ ئەوەی رێگری لە تاران بکەن تا نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات. 
 
بەگوێرەی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نێو ئەو وڵاتانەی کە خاوەن چەکی ئەتۆمی نین، ئێران تاکە وڵاتە پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندبێتە 60٪، کە تەنیا هەنگاوێک دوورە لەوەی بیگەیێنێتە 90٪ بۆ ئەوەی بۆ چەکی ئەتۆمی دەستبدات. 
 
ئاژانسە چاودێرەکە باس لەوە دەکات، تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو پێشخستووە و ئێستا بەشی ئەوە کەرەستەی هەیە کە چەند بۆمبێکی ئەتۆمی دروستبکات. 
 
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکانی سەری هەڵبوەشێنرێنەوە. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەردا تووندکردنەوە.
 
لەو کاتەوە، ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە.
 
هەواڵگریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە پێیانوایە هێشتا ئێران دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەکردووە.
 
ئێران کە یەکێکە لە واژۆکارەکانی پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، بەڵێنی بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە کە رێگەی پێبدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا دروستکردنی وزەی کارەبا و مەبەستە ئاشتییانەییەکانی دیکەیە. 
 
وڵاتەکە هەروەها لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015ـدا رازیبوو ئاژانسەکە بتوانێت لە نزیکترەوە چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی بکات. بەڵام چەند ساڵێکە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسەکە نادات بچنە بنکەکانی و وەڵامی ئەو پرسیار و گومانانەشی نەداونەتەوە کە لە بارەی دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە سێ شوێن لێی دەکرێن، لە کاتێکدا ئێران پێشتر بە فەرمی ئاشکرای نەکردبوو کە ئەو شوێنانە بۆ پیتاندنی مادەکە بەکاردێنێت.
 
مانگی رابردوو، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تارانی کرد بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی رازی بکات رێگە بە پشکنینی زیاتر بدەن، بەڵام هێشتا هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە هەڵوێستی ئێراندا نابیندرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە