تەقە لە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا کرا؛ بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانە

15-05-2024
تەنیا ئەحمەد
ساتی رووداوەکە و رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.
ساتی رووداوەکە و رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای هاتنە دەرەوە لە کۆبوونەوەیەک، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکرا و بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانە. پۆلیس کەسێکی بە تۆمەتی تەقەکردنەکە دەستگیرکردووە. میدیای سلۆڤاکیاش دەڵێت گوللـە بەر سکی سەرۆکوەزیران کەوتووە.
 
رۆژی چوارشەممە 15-05-2024، رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا لەکاتی تەواوبوونی لە کۆبوونەوەیەکی حکومەت، لەنێو ئاپۆرای خەڵک تەقەی لێکرا و بریندار کرا.
 
وەک لە چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت، پاسەوانەکان بە خێرایی فیکۆ دەخەنە نێو ئۆتۆمبێلێک و بەرەو نەخۆشخانە دەیبەن، لە ڤیدیۆیەکی دیکەش دەردەکەوێت پۆلیس کەسێک بە تۆمەتی تەقەکردنەکە دەستگیر دەکەن.
 
شایەتحاڵێکی رووداوەکە دەڵێت: "گوێم لە دەنگی چەندین تەقە بوو، بینیم پۆلیس کەسێکیان دەستگیرکرد."
 
زوزانا کاپوتۆڤا، سەرۆکی سلۆڤاکیا رایگەیاند: "شۆکبووم. لەم کاتە سەختەدا هیوای بە‌هێزیی بۆ رۆبەرت فیکۆ دەخوازم. ئەوە هێرشێکی بێباکانە و دڕندانە بوو."
 
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستیی فیکۆی 59 ساڵ ئاشکرا نەکراوە. میدیای سلۆڤاکیا دەڵێت، چوار گوللە تەقێندراون، گوللە بەر سکی سەرۆکوەزیران کەوتووە.
 
لۆبۆس بلاها، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی سلۆڤاکیا لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی، رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و دانیشتنەکەی هەڵوەشاندەوە.

 

 
کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە (ماڵی کولتووری) بووە لە شارۆچکەی هاندلۆڤا کە 150 کیلۆمەتر لە براتیسلاڤا، پایتەختی وڵاتەکە دوورە.
 
سلۆڤاکیا دەکەوێتە نێوەڕاستی ئەورووپا و لەگەڵ هەریەک لە هەنگاریا، نەمسا، چێک، پۆڵەندا و ئۆکراینا هاوسنوورە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە