رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان، دوایین سێ وێستگەی کارەبای کارکردوو بە وزەی ئەتۆم دادەخات.
رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، وێستگەی ئەتۆمیی ئیسار 2 لە هەرێمی باڤاریا، نێکاروێستهایم لە هەرێمی بادنڤوتمبێرگ و ئێمسلاند لە هەرێمی نیدەرساکس دادەخرێن.
دەبووایە لە کۆتایی ساڵی 2022دا ئەو سێ وێستگەیە دابخرانایە، بەڵام بەهۆی هێرشی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، قەیرانی وزە لە ئەوروپا سەری هەڵدا و حکومەتی ئەڵمانیاش رایگەیاند، ئەو سێ وێستگە ئەتۆمییە لە زستاندا لە کارکردن بەردەوام دەبن.
بەڵام ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا ساڵی رابردوودا گوتی، حکومەت بڕیاری داخستنی ئەو سێ وێستگەیەی داوە و بڕیارەکەیشی جێبەجێ دەکات، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیاکانی بەرێوەبردنی وێستگەکان هەر سێ وێستگەکە دابخەن.
بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لە ئەڵمانیا دژی داخستنی ئەو سێ وێستگەیەن و ئەو کارە لەم دۆخەی ئێستادا بە "هەڵە" ناودەبەن. بەپێی راپرسییەکان، تەنیا یەک لەسەر سێی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا ئەم هەنگاوە بە دروست ناودەبەن.
لە نێو پارتەکانی سیاسییەکانی ئەڵمانیاش بۆچوونەکان جیاوازن. لە کاتێکدا پارتی سەوزەکان ئەم هەنگاوە بەدروست و رۆژی شەممە بە رۆژێکی مێژوویی ناودەبات، فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە بە "رۆژێکی رەش" بۆ ئەڵمانیا ناوی دەبات و دەڵێت، ئەو سێ وێستگە ئەتۆمییە دەبووایە لە کارکردن بەردەوام بوونایە.
حکومەتی ئەڵمانیا لە 22ـی نیسانی 2022 دوای مشتومڕێکی درێژخایەن، یاسای وزەی ئەتۆمی گۆڕی و ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.
بۆ ئەم مەبەستە تەمەنی وێستگەی کارەبای ئەتۆمی بۆ 32 ساڵ سنووردارکرا. لەو کاتەوە رێگە بە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی نەدراوە.
لە 14ـی ئاداری 2011دا حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بڕیاریدا هەموو وێستگەکانی کارەبای ئەتۆمی دابخات کە تا ساڵی 1980 کاریان دەکرد. بەم شێوەیە کارپێکردنی کارەبای حەوت کۆنترین وێستگەی ئەتۆمی ئەڵمانیا وەستا کە ئەمانەن:
Biblis A
Biblis B
Neckarwestheim 1
Brunsbüttel
Isar 1
Unterweser
Philippsburg 1
Krümmel
دواتر لە ساڵانی 2015، 2017 و 2019 سێ وێستگەی دیکەی ئەتۆمی داخران کە بریتی بوون لە:
Grafenrheinfeld
Gundremmingen B
Philippsburg 2
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ