رووداو - بەرلین
یورگن هارت، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی کریستیان دیموکرات و گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پارتەکە بە رووداوی راگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو شوێنە کەمانەی پێشکەوتنی تێدایە پێچەوانەی دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکە. پێموایە ئەم پێشهاتەش تا رادەیەکی زۆر پەیوەستە بەو رۆڵەی کورد لە ناوچە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەیگێڕێت."
یورگن هارت لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتەکەی و گەلی کورد، بەتایبەتی کوردی باشووری کوردستان لە بەرلین قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "لە پارتەکەی ئێمەدا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ کورد هەیە. گفتوگۆی بەردەوامم لەگەڵ سیاسەتمەدارانی هەرێم هەیە. پێم وایە گرنگە هەرێمی کوردستان نموونەیی بمێنێتەوە و کاریگەری سەقامگیرکەرانەی لەسەر هەموو عێراق رەنگبداتەوە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یورگن هارت، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا:
رووداو: بەڕێز یورگن هارت، سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. لێرە باس باسی گرنگیی بوونی حکومەتێکی کارا و کاریگەر بۆ ئەڵمانیا دەکرێت. ئێوە پێتانوایە ئەو حکومەتە دەبێت؟
یورگن هارت: ئێستا خاوەنی حکومەتێکی کارا نین. ئاگادارن کە ئۆلاف شوڵتز ئێستا خاوەنی دەنگی زۆرینە نییە لە پەرلەمان. بەڵام لەبەر ئەوەی راوێژکاری ئەڵمانیا پێگەیەکی بەهێزی لە پەرلەمان هەیە، تاوەکو زۆرینەی دەنگەکان دژی نەبن بۆ ئەوەی راوێژکارێکی دیکە هەڵبژێرێت، ئەو دەتوانێت لە پۆستەکەی بمێنێتەوە. هەربۆیە ئۆلاف شوڵتز بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە و دەبێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی نوێ و حکومەتێکی نوێ بکات.
شوڵتز پێشنیازی ئەوە دەکات هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو بکرێت. ئێمە بە روونی پێمان وایە ئەو کاتە زۆر درەنگە. روون و ئاشکرایە کە ئەم حکومەتە چارەنووسی بەرە کوێ دەڕوات، چونکە حکومەتەکەی کەمینەیە؛ بۆیە دەبێت بە زووترین کات وەرگرتنەوەی متمانە لە پەرلەمانی فیدراڵ رووبەڕووی شۆلتز بکرێتەوە، هەروەها رێگە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە خۆشبکرێت.
ئێمە وەک پارتی کریستیان دیموکرات و وەک یەکێتیی دیموکراتی مەسیحییەکان ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی 12 یان درەنگترینی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو واتە کانوونی دووەم، بۆ ئەوەی بەزووترین کات حکومەتێکی کارا و بەهێز پێکبهێنین.
رووداو: بەپێی راپرسییەکان بێت، پارتەکەی بەڕێزتان لە پێشەوەیە. لە هەندێ لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمەکانیشدا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەنگێکی باشتان بەدەستهێنا. ئەگەر بەڕێزتان لەم هەڵبژاردنەدا براوەبن، چ شتێکی جیاواز دەکەن کە ئەم حکومەتەی ئێستا نەیکردووە؟
یورگن هارت: سەرەتا دەبێت بڕیار بدەین لە گەڵ کێ حکومەت پێکدەهێنین. پاشان، دەبێت خاڵە لەپێشینەکان دیاری بکەین. بە پلەی یەکەم، دەمانەوێت ئابووریی ئەڵمانیا ببووژێنینەوە. دووەم، دەمانەوێت شەڕەنگێزیی رووسیا بەرامبەر ئۆکرینا و هەموو ئەورووپا رابگرین. سێیەم، دەبێت بزانین چۆن دەتوانین پێش لەو هەموو کۆچبەرە بگرین روو لێرە دەکەن. هەروەها، رەنگە جیاوازییەکی روونیش بکەین لەنێوان ئەو کەسانەی کە بەڕاستی پێویستیان بە یارمەتی ئێمەیە و ئەوانەی ناتوانین لێرە لە ئەڵمانیا شوێنی نیشتەجێبوون و چاودێرییان بۆ دابین بکەین. کەواتە پرسی کۆچ، ئابووری و ئاسایشی دەرەوە، ئەو پرسانەن ئێمە دەیانخەینە پێشەوە. بە دڵنیاییەوە ئەم سێ مژارە دەخەینە سەرەتای رێککەوتنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکەمان.
رووداو: چەندین گۆڕانکاری لە جیهاندا روودەدەن. ترەمپ بووەوە سەرۆکی ئەمریکا. شەڕی رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە؛ سەیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن و دەزانن کە پڕە لە ئاڵۆزی، شەڕ و ناسەقامگیری. ئێوە پلانتان چییە بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانانە؟
یورگن هارت: ئەگەر حەماس و حیزبوڵڵا دەست لە بەکارهێنانی چەک بەرامبەر ئیسرائیل هەڵبگرن و حەماس بارمتەکان ئازاد بکات، دەستبەجێ شەڕ کۆتایی دێت. ئەگەر ئەوە روویدابایە، ئیدی هیچ هۆکارێک نەدەبوو بۆ ئەوەی ئیسرائیل هەنگاوی سەربازی بەرامبەر حەماس بگرێتەبەر. پرسیارەکە ئەوەیە کە لەم دۆخەدا چی بەسەر چەکدارانی حەماس دێت؟ باشترین کار ئەوەیە کە خۆیان رادەست بکەن و چەکەکانیان دابنێن. پێم خۆشە جیهانی عەرەبی وەریانبگرێت و دڵنیابێت لەوەی کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە گۆڕەپان[ی شەڕ]. لە روانگەیەکی مرۆییەوە پێم وایە ئەوە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکەیە. بەو جۆرە نەبێت ئیسرائیل ناچار دەبێت بەرگری لە خۆی بکات.
ئێمە هەموو شەوێک هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەبینین. پێم خۆشە زۆر زیاتر باسی ئەو راستییە بکەین کە گەورەترین مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانیی خەڵکی ناوچەکەیە نەوەک تەنیا لە ئیسرائیل، بەڵکو لە سەر ژیانی فەلەستینییەکان و ئەو کەسانەی لە دەوڵەتانی دراوسێی ئیسرائیل و فەلەستین دەژین. گەورەترین مەترسی تیرۆرە. نابێت رێگە بە تیرۆریستان بدرێت بڕیار لەسەر ژیانی خەڵک بدەن و دەرفەتی ژیانیان لێ بدزن. ئەگەر ناوچەکە تووندتر دژی ئەو تیرۆریستانە بوەستێتەوە بەتایبەتی ئێران، کە پێم وایە ئەم کێشانە هەموویان لە ژێر سەری ئێرانن، ئەوا زیاتر دەچینە پێشەوە. بێگومان بەردەوام دەبین لەسەر کارکردن بۆ چارەسەری ئاشتییانە بۆ پرسی ئیسرائیل و فەلەستین. دەمانەوێت بەرەوپێش بڕۆین. کاتێک باس لە بیرۆکەی دوو دەوڵەتی دەکەین و دەڵێین سەروەری بۆ فەلەستین و ئیسرائیل، دەبێت رێز لە سەروەریی یەکدی بگرن.
رووداو: باشە، سەبارەت بە پەیوەندیی ئەورووپا و ئەمریکا کە ئێستا مژارێکی گەرمە لە ئەڵمانیا. دوای هەڵبژاردنی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئێوە چۆن دەڕواننە پەیوەندیی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە داهاتوودا؟
یورگن هارت: پێشتر ئەمەمان ئەزموون کردووە و زۆر کەس پێیان وابوو جیهان کۆتایی دێت. بێگومان وا نەبوو. ئێمە کێشەی خۆمان لە گەڵ ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا هەبوو؛ هەروەها کێشەی گەورەمان لەگەڵ ئەو شێوازە بوو کە چۆن دەروانێتە ئەڵمانیا یان باشتر بڵێین شێوازی باسکردنی ئەڵمانیا لەنێو رای گشتیدا لە ئەمریکادا. کاتێک دەچینە ئەمریکا هەوڵدەدەین هەموو ئەمانە راست بکەینەوە، بەڵام دەزانم زۆر کەس لە ئەمریکا، زۆرێک لە هاوکارەکانی زۆر باش دەزانن کە ئەڵمانیا هاوبەشێکی گرنگ و بەهێزە لە پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئەمریکادا.
بەڵێ ئێمە دەبێت لە بواری بەرگریدا زیاتر کار بکەین و دەبێت بەشداری ئەڵمانیا لە ناتۆدا بەردەوام بێت لە زیادبوون. بە بۆچوونی من، دەبێ رۆڵی ئەڵمانیا لە بەشی ئەورووپیی ناتۆدا زیاتر فراوانتر بکرێت. پێویستە لە سیاسەتی بازرگانییدا بەرەو پێشەوە بچین و ئەو ناکۆکیانەی کە هەن چارەسەریان بکەین. بۆ نموونە، ناکۆکییەکان لەسەر یارمەتییەکانی کۆمپانیای Airbus-Boing و باجی سزا. پێم وایە لەوێ ئەرکێکی گەورەمان لە سەر شانە. هەروەها پێم خۆشە لە کۆتاییدا بچینە گفتوگۆیەکی جیدی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بەوەی چاوەڕوانییەکانمان چین بۆ پەیوەندی لەگەڵ چین. دەبێت بتوانین رێگەیەک پەرەپێبدەین کە چارەسەر بێت، چونکە پێم وایە لەسەر ئەم بنەمایە سەرکەوتوو دەبین لە سووککردنی ململانێ لەنێوان چین لە لایەک و ئەمریکای باکوور یان ئەورووپا لە لایەکی دیکە.
رووداو: باشە بەرێز هارت، با بێینە سەر باسی هەرێمی کوردستان. پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بەتایبەتی پارتەکەی بەرێزتان پەیوەندیەکی مێژووییە. بەڕێزتان ئاگادارن هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیە. پەیامی بەرێزتان بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟
یورگن هارت: پێش هەموو شتێک ئێمە ماوەی مانەوەی سوپای ئەڵمانیامان لە عێراق لە پەرلەمان درێژکردەوە. بۆمان دەرکەوت کە عێراق یەکێکە لەو شوێنە کەمانەی پێشکەوتن و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی تێدایە، پێچەوانەی دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکە. ئەوەش وایکردووە گەشەپێدان لە عێراق پێویستی بە پشتیوانیی بەرفراوان هەبێت. پێم وایە ئەم پێشهاتە، واتە بۆچوونی کەسیی منە، تا رادەیەکی زۆر پەیوەستە بەو رۆڵەی کورد لە ناوچە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەیگێڕێت. ئەوە لەنگەری راستەقینەی سەقامگیرییە لەو دەوڵەتەدا، لە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا کە دەوڵەتێکی فرە نەتەوەییە.
من پێم وایە ئەگەر بتوانین بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاری بکەین، ئەوە یەکەم لەگەڵ حکومەت دەبین لە هەولێر، هەروەها لە چوارچێوەی هاوکاریی کورد لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراق و بێگومان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیش. بۆ ئەو مەبەستەش ئەڵمانیا ئامادەیە رۆڵی پێشەنگ بگێڕێت. ئەوە پەیوەندی بە هاوکاریی ئابوورییەوە هەیە؛ هەروەها پەیوەندی بە پرسی هاوکاریی ئابوورییەوە هەیە بە مانای کرانەوەی بازاڕەکان. بێگومان ئاڵوگۆڕیی رێکوپێکی بیروڕا هەیە سەبارەت بەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە. بێگومان ئەوەی روودەدات (لە ناوچەکەدا) بۆ عێراق بارگرانییەکی گەورەیە، چونکە راستگۆیانە دەتوانم بڵێم مووشەکەکانی ئێران رۆژانە بەسەر خاکی عێراقدا بەرەو ئیسرائیل یان شوێنی دیکە دەڕۆن. ئەوە بارگرانییەکی گەورەیە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراقە.
رووداو: دەنگی پشیتوانی لە پارتەکەتان بۆ کورد زۆرە؟
یورگن هارت: لە پارتەکەی ئێمەدا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ کورد لە عێراقدا هەیە؛ منیش خۆم بە تایبەتی لەوێ بووم. گفتوگۆی بەردەوامم لەگەڵ سیاسەتمەدارانی باڵای هەرێم هەیە، بە هەموو لایەنە دیموکراسیەکانییەوە. لەم رووەوە بەڕاستی تێڕوانینی باشم هەیە. من پێم وایە گرنگە کوردستان، واتە هەرێمی کوردستان نموونەیی بمێنێتەوە و کاریگەری سەقامگیرکەرانەی لەسەر هەموو عێراق رەنگبداتەوە. هەروەها شێوازی گەشەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری ببێتە گەشە بۆ عێراق و ببێتە نموونەیەک بۆ دەوڵەتانی دیکە. هەروەها پێم خۆشە پێشهاتێکی هاوشێوەی ئەو پێشهاتەی عێراق لە لوبنان ببینم کە تێیدا چەندین نەتەوەی جۆراوجۆر پێکەوە دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ