رووداو دیجیتاڵ
میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و شاندەکەی بەفەرمی لەلایەن ڤاتیکانەوە بانگهێشتکران، 40 خولەکیش لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیاکان کۆبوونەوە.
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە میر حازم تەحسین بەگ دەڵێت، کۆبوونەوەکە گرنگ بووە و پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، باسی رەوشی ئێزدییەکان، شنگال و کوردستانی کردووە. میری ئێزدییان دەڵێت، پاپا فرانسیس گوتوویەتی، "هەرچییەکمان پێ بکرێت کەمتەرخەمی ناکەین.. گوشار دەخەینە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوانیش گوشار دەخەنە سەر عێراق بۆ ئەوەی کێشەی شنگال چارەسەر بکەن".
ناکۆکییە سیاسییەکان لە شنگال بۆ گەڕانەوەی هەزاران کوردی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان و نادیاریی چارەنووسی 3 هەزار منداڵ، کچ و ژنی ئێزدی بابەتی سەرەکیی نێو کۆبوونەوەی پاپا فرانسیس و میری ئێزدییان بوو.
مكان خاتون، هاوژینی میر حازم دەڵێت، لە کۆبوونەکەدا "پاپای ڤاتیکان بەوردی گوێی بۆ خەم و ناڕەحەتییەکانی ئێزدییان گرت و بەڵێنی هاوکاریکردنی بۆ ئەو ئێزدییانەدا کە لە وڵاتانی یۆنان و تورکیا لە دۆخی خراپدان."
لە سەرەتاکانی ئابی 2014 داعش هێرشیکردە سەر شنگال، تائێستاش چارەنووسی نزیکەی 2862 کچ و ژن و منداڵی ئێزدیان نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ