ئەرمینییەکان ماڵئاوایی لە کەنیسەیەکی دێرینی قەرەباخ دەکەن

14-11-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
ماڵئاواییکردنی ئەرمینییەکان لە کەنیسەکە. وێنە: AFP / Alexander NEMENOV
ماڵئاواییکردنی ئەرمینییەکان لە کەنیسەکە. وێنە: AFP / Alexander NEMENOV
نیشانەکردن هەرێمی قەرەباخ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، رۆژی یەکشەممە ئەرمینیا لە کەلبەجاڕ دەکشێتەوە و رادەستی ئازەربایجانی دەکات.
 
کەنیسەی دادیڤانک دەکەوێتە شارۆچکەی کەلبەجاڕ لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ، لەبەرئەوەی دەبێت بکشێنەوە، ئەرمینییەکان بە دڵێکی شکاو و چاوی پڕ فرمێسکەوە، چوونە کەنیسەکە و وێنەی یادگارییان لەگەڵدا گرت. 
 
میانسیک سیمۆنیان، کریستیانێکی ئەرمینییە و دەڵێت "هاتووین بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لە دادیڤانک بکەین، چونکە نازانین چارەنووسی چی دەبێت. بە تێڕوانینی من، تووشی چارەنووسێکی بێ بەزەییانە دەبێت."
 
لە سەدەی دوازدەیەمینی زاینییەوە، دوای دروستکردنی لەلایەن قەشە دادی، دادیڤانک بە چەندین شەڕدا دەربازبووە و توانیویەتی بە دیوارە لە بەرد دروستکراوەکانی وەکو سیمبولی شکۆی کریستیانەکانی ئەرمینیا بمێنێتەوە. 
 
میانسیک سیمۆنیان هەروەها دەڵێت، "ناتوانین بە بیری خۆمانیدا بهێنین کە دەبێت ئەم هەموو شتە لێرە بەجێبهێڵین و بڕۆین، چونکە 800 ساڵە ئەم کەنیسەیە لێرەبووە و ئەمە خاکی باب و باپیرانمانە."
 
هاڤۆنهانێس، قەشەی کەنیسەکەیە و دەڵێت "ئەگەر ئازەربایجانییەکان بیانەوێت، ئەوا لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشین و با بیسەلمێنن کە ئەم ناوچەیە هی کریستیانە ئەرمینییەکان نییە. ئەگەر وا دەرکەوت، بەو پەڕی ملکەچیەوە، ئەم شوێنە جێدەهێڵم."
 
سەرباز، سڤیل و پیاوە ئایینییەکان دوایین نزاکانیان دەکەن و دەردەدڵی دۆڕانی جەنگ دەکەن. مۆم و خاچە بەردینەکانیان کۆدەکەنەوە کە 800 ساڵە رووگەی خەڵکی ناوچەکە بوون و ئێستا دەبێت چۆڵی بکەن و لەگەڵ خۆیان بیانبەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە