رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری دا لەوەی کە نابێت تورکیا شەڕ دژی گرووپە چەکدارە کوردییەکانی سووریا هەڵبگیرسێنێت. دەشڵێت، ئەگەر ئەوە رووبدات، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی رێکخراوی داعش.
رۆژی دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، هەڵگیرسانی شەڕ لەلایەن تورکیا دژی گرووپە کوردییەکانی سووریا، "دەبێتە هۆی بەهێزبوونی تیرۆریستانی داعش."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، ئەگەر رێکخراوی داعش بەهێز ببێتەوە، "ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەکی ئەمنیی بۆ سووریا، تورکیا و بۆ ئێمەش لە ئەورووپا."
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەکەکە/یەپەگە، نابێت ئەوان (گەلی سووریا) بەتەنیا جێبهێڵدرێن."
هەروەها رۆژی 22ـی ئەم مانگەش، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەڕع، سەرکردەی دیفاکتۆی سووریا کۆبووەوە.
هاکان فیدان لە دیمەشقەوە گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا ئیرادەی بەهێزی هەردوولایەنم بەدیکرد لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. دەبێ پەکەکە/یەپەگە بە زووترین کات خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. هاوکات ئامادەین بەهێزترین پشتیوانی پێشکێش بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. رێگە نادەین پەکەکە/یەپەگە ئەم دۆخە بۆخۆی بقۆزێتەوە و خۆی بەسەر گەلی سووریادا بسەپێنێت دوای ئەوەی لەژێر ستەمی بەعس رزگاریان بوو."
وەزیرە ئەڵمانییەکە باسی لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد و گوتی، شاری کۆبانێ بووەتە "سیمبولی شەڕی بوێرانەی کورد لە دژی داعش."
بێربۆک هۆشداریشی بە هاوپەیمانەکەی ناتۆیدا کە نابێت دۆخی ئێستای سووریا "بۆ دووبارە دەرکردنی کوردەکان بەکاربهێندرێت و ببێتە هۆی دروستبوونی تووندووتیژییەکی نوێ."
لەبارەی داهاتووی سووریاش، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "هەموومان بەرپرسیارێتی ئەوەمان لەسەرە دڵنیایی لەوە بدەین کە هیچ تووندووتیژییەکی نوێ دروست نابێت و هیچ هێزێکی نوێی توندڕەو دروست نابێت بۆ ئەوەی خەڵک دوای چەندین ساڵ لە تیرۆر بە سەلامەتی بژین." گوتیشی، "دەبێت یەکێتی سووریا بپارێزرێت."
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی تورکیای کرد و لەدوای کۆبوونەوەشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە گوتی، "ئاسایش، بەتایبەت بۆ کوردەکان، بۆ داهاتوویەکی پڕ لە ئاسایش و ئازادی بۆ سووریا گرنگە. ئەمڕۆ روونم کردەوە کە نابێت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان (لەگەڵ تورکیا) بە زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ کوردەکان لە سووریا بکەونە مەترسییەوە." گوتیشی، "گرووپە کوردییەکان دەبێت لە چەک دابماڵدرێن و تێکەڵ بە پێکهاتەی ئاسایشی نیشتمانی بکرێن."
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی 19ـی ئەم مانگە رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سووریا جێدێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ