‎بەڕێوەبەری IMF: شەڕی ئۆکراینا و کۆڤید هۆکاری خاوبوونەوەکانی گەشەی ئابووریی جیهانن

14-10-2022
دیار کوردە @diyarkurda
کرستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی
کرستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

‎بەڕێوەبەری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند، دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهانن؛ یەکەمیان کۆرۆنا و دووەمیش کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکراینان، ئەمەش وایکردووە کە نرخەکان بەرزببنەوە. 
 
‎کرستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی IMF لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و گرووپی بانکی جیهانی بە رووداوی راگەیاند، "هۆکاری خاوبوونەوەی ئابووری دوو کێشەن. یەکەم؛ ئێمە بۆماوەیەکی زۆر کاریگەریی کۆڤیدمان لەسەربوو کە تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتووە. دووەمیش، ئێمە تووشی کاریگەرییەکانی داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بووینەوە. ئەم دوو هۆکارە بەیەکەوە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی ئابوورییەکانی ئەوروپا".
 
‎ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، خاوبوونەوەی ئابووری، چینیشی گرتووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کۆرۆنا و پچڕانەکانی دیکەی ئابووری کە ئەم فاکتەرانە بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادبوونی رێژەکانی سووی بانکی.
 
‎بەڕێوەبەری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئەوەشی بە رووداو گوت کە بەهۆی ئەم دۆخە و تووندبوونەوەی رێژەکانی سووی بانکی، کاریگەرییان کردووەتەسەر ئاسۆی گەشەی ئابووریی جیهان.
 
‎گوتەکانی جۆرجیڤا لەکاتێکدا، بەپێی راپۆرتی ساڵانەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، گەشەی ئابووریی جیهان بەرەو خاوبوونەوەی گەورەچووە، بەجۆرێک لە ساڵی 2021 رێژەکە 06٪بووە، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی نیوە دابەزیوە و پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی 2023 ئەم رێژەیە بۆ ئاستی 2.7٪ خاوترببێتەوە. 
 
دەقی قسەکانی ‎کرستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی IMF بۆ رووداو:
 
‎"هۆکاری خاوبوونەوەی ئابووری دوو کێشەن. یەکەم، ئێمە بۆماوەیەکی زۆر کاریگەریی کۆڤیدمان لەسەربوو، کە تائێستا کۆتایی نەهاتووە. دووەمیش، ئێمە تووشی کاریگەرییەکانی داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بووینەوە. ئەم دوو هۆکارە بەیەکەوە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی ئابوورییەکانی ئەوروپا، هەروەها خاوبوونەوە لە چینینش هەیە، ئەمەش بەهۆی کۆڤید و پچڕانەکانی دیکە، کە بەداخەوە ئەمەش نرخەکانی بەرزکردوونەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تووندبوونەوەی رێژەکان و ئەم تووندبوونەوەی رێژەی سووەکانیش کاریگەریی کردووەتە سەر ئاسۆی گەشەکردن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە