رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دەستووریی کۆریای باشوور بڕیاری دا بەهۆی پیادەکردنی دەسەڵاتی سەربازی و راگەیاندنی باری لەناکاو، متمانە لە سەرۆکی وڵاتەکەی بسەنێتەوە.
سەرەتای مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند، دەسەڵاتی مەدەنی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. بەوهۆیەوە رۆژی هەینی، 4ی نیسانی 2025، دادگەی دەستووری وڵاتەکە متمانەی لە سەرۆک سەندەوە.
مون هیونگ بەی، سەرۆکی کاتی دادگەی دەستووری کۆریای باشوور لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکەدا گوتی: "بەهۆی کاریگەریی نەرێنی جدی و کاریگەری پێشێلکارییە دەستوورییەکانەوە بڕیارمان دا بە لابردنی یوون سووک یۆل سەرۆکی دادگەییکراو".
بەهۆی ئەو بڕیارەوە پێویستە لە 60 رۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کۆریای باشوور بکرێت. لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەرپرسانی وڵاتەکە رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیاریدەکەن.
بەگوێرەی بڕیاری دادگە، سووک یۆل "پێشێلی بنەماکانی حوکمی یاسا و دیموکراسی" کردووە. هەروەها، ناردنی سەرباز بۆ سەر پەرلەمانی کۆریای باشوور لەلایەن سووک یۆلەوە "پێشێلی بێ لایەنی سیاسی هێزە چەکدارەکانی کرد و بڵاوەپێکردنیان بۆ "مەبەستی سیاسی" بوو.
لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور بڕیارەکەیان بە "مێژوویی" ناوبرد، بەڵام پەرلەمانتارانی پارتەکەی سووک یۆل هۆڵی دادگەیان جێهێشت.
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، سەرۆکی لەکارلادراوی کۆریای باشوور راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لێبووردنی کرد کە نەیتوانی لە ئاست "چاوەڕوانییەکانی" خەڵکی وڵاتەکەی بێت.
لە ساڵی 2017ەوە یوون دووەم سەرۆکی لەکارلادراوی کۆریای باشوورە لە دوای پارک گیون هی. بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە، لە ئەمڕۆە وێنەی یوون کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە لە نووسینگە و بنکە سەربازییەکانیش لادەبردرێن.
دوای راگەیاندنی بڕیاری دادگە بەهای دراوی کۆریای باشوور 0.35٪ بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە.
هان دەک سۆ، جێگری سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور دەبێتە سەرۆکی وڵاتەکە و تاوەکو کاتی هەڵبژاردن لەو پۆستەیدا دەمێنێتەوە.
هۆکاری دروستبوونی قەیرانی کۆریای باشوور
رۆژی سێشەممە 03-12-2024، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند، دەسەڵاتی مەدەنی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. هەروەها سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد و گوتیشی، میدیا و بڵاوکراوەکان دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیدا بن.
بڕیارەکە ناڕەزاییێکی زۆری لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و پاش تەنیا شەش کاژێر هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە.
تێکچوونی دۆخی کۆریای باشوور، لەدوای ئەوە هات پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە (پارتی هێزی گەلی کۆریای باشوور) کە سەرۆکی کۆریای باشووریش سەر بە پارتەکەیە، لەگەڵ بەهێزترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن (پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور)، لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2025ـی وڵاتەکە بووە کێشەیان و سەرۆکی کۆریای باشوور، لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی بەوە تۆمەتبار کرد، دەیانەوێت بە کەمکردنەوەی بودجە، وڵاتەکە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لاواز بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ