رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان پێیوایە بەهۆی ئەوەی بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکا لەگەڵ لەباربردنی منداڵە و رکابەرە کۆمارییەکەشی لە دژی کۆچبەرانە، "هەردووکیان دژی ژیانن."
رۆژی هەینی 13-09-2024 فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای گەشتێکی 12 رۆژە بۆ کیشوەری ئاسیا و گەڕانەوە بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایگەیاند: "هەردووکیان [کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ] دژی ژیانن. یەکێکیان کۆچبەرەکان رەتدەکاتەوە و یەکێکی دیکەیان منداڵان دەکوژێت."
پاپای ڤاتیکان گوتیشی: "من ئەمریکی نیم و لەوێش دەنگ نادەم، بەڵام با ئەوە روون بێت، دەرکردنی کۆچبەرەکان و رێگەگرتن لێیان لە کارکردن تاوانێکی جیدییە."
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بڕیاری داوە ئەگەر لە هەڵبژاردنی 05-11-2024 دەربچێت، 11 ملیۆن پەناخواز لە وڵاتەکەی دەربکات.
لەلایەکی دیکە، کامالا هاریس لەگەڵ ئەوەیە کە ژنان مافی ئەوەیان هەبێت منداڵ لەبار ببەن و خۆیان دەبێت بڕیار لەسەر جەستەی خۆیان بدەن. دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئەوە وەستاوەتەوە و دەڵێت: "چۆن دەکرێت منداڵێک لە سکی دایکی لە تەمەنی نۆ مانگی بێت و لەبار ببرێت؟ ئەمە کوشتن و لە سێدارەدانە."
پاپای ڤاتیکان هەروەها رایگەیاند: "خەڵک دەبێت دەنگ بەو کەسە بدەن کە تاوانەکەی سووکترە و زیانی کەمترە. دەبێت خەڵک خۆیان بە گوێرەی بڕواکانی خۆیان ئەو بڕیارە بدەن."
بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. سەرەتا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بەربژێری پارتی دیموکراتیی شین بوو، بەڵام بەهۆی گوشاری ئەندامانی پارتەکەی لەبارەی دۆخی تەندروستی کشایەوە و پشتگیریی خۆی بۆ جێگرەکەی دەربڕی.
ئەگەر کامالا هاریس لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت سێ ریکۆرد دەشکێنێت. دەبێتە یەکەم ژن ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە، دەبێتە یەکەم ژنی رەشپێست ئەو پۆستە وەرگرێت، هەروەها دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە رەچەڵەک خەڵکی ئاسیا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ