رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوەیەک کە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا کردوویانە، توانیویانە چوار کەسی سەر بە تۆڕێکی نزیک لە داعش بدۆزنەوە و سزایان بەسەردا بسەپێنن.
لە راگەیێندراوێکی رۆژی هەینیی وەزارەتەکەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە، سێ لەو کەسانە، ئەندامانی داعشیان بە قاچاخ گواستوونەتەوە؛ ئەوی دیکەش دەستی لە دروستکردنی سەربازگەیەکی مەشق و راهێنان بۆ چەکدارانی داعش هەبووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، ئەو چوار کەسە کە هەموویان پیاون، لە ئۆزبەکستان و جۆرجیان و لانیکەم یەکێکیان یارمەتیی ئەو ئەندامانەی داعشی داوە کە لە تورکیا نیشتەجێن.
براین نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ئەو رێکارانەی لەگەڵ تورکیا گرتوویانەتەبەر، "پابەندبوونی بەردەواممان بە بەرگریکردن لە نیشتمان دژی هەموو هەڕەشەیەکی تیرۆریستی، لەنێویاندا دەوڵەتی بەناو ئیسلامی یان داعش پیشاندەدەن."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، تورکیا هەنگاوی تایبەت بە خۆی دژی ئەو تۆڕە دەگرێتەبەر.
راگەیێندراوەکە روونی نەکردووەتەوە تۆڕەکە ماوەی چەندە پێکهێندراوە یان چەند کەسیان بە قاچاخ گواستووەتەوە.
مانگی رابردوو، دامودەزگاکانی تورکیا رایانگەیاند، لە 12 پارێزگادا 41 کەسیان دەستگیر کردووە، کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت.
داعش کە کورتکراوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ـە، ساڵی 2014 شاڵاوێکی خوێناویی پڕ لە کوشتوبڕی کردە سەر عێراق و سووریا، بەشێکی بەرفراوانیانی کۆنترۆڵ کرد و خەلافەتی راگەیاند. ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، تێکشکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ