رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، چاوەڕێدەکرێت هەینیی داهاتوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەڵمانیا بکات، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی زریانی میڵتنەوە سەردانێکی بۆ ئەو وڵاتە ئەورووپیە هەڵوەشاندەوە.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، بایدن "رۆژی هەینی دێتە بەرلین" و رۆژێک دەمێنێتەوە. بەگوێرەی میدیای ئەڵمانی، بایدن لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و فرانک واڵتەر شتانمایەر، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
بڕیاربوو بایدن لەنێوان 10 تاوەکو 12ـی ئەم مانگە سەردانی بەرلین بکات، لەوێ کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لەگەڵ شۆڵتز، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بکات.
هەروەها بەنیازبوو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ زیاتر لە 50 هاوپەیمانی ئۆکراینادا بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ناردنی پشتیوانی زیاتر بۆ کیێڤ بکەن.
بڕیاربوو ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربێت، بەڵام لە بری ئەوە، گەشتێکی خێرای دوو رۆژەی بەنێو پایتەختەکانی ئەورووپادا کرد، لە نێویاندا بۆ بەرلین، بۆ ئەوەی داوای پشتیوانیی بەردەوامی سەربازی بکات.
دوای ئەوە، بایدن بڕیاری دا لە ئەمریکا بمێنێتەوە تاوەکو چاودێریی هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی زریانی میڵتن لە فلۆریدا بکات.
زریانەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 20 کەس و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 50 ملیار دۆلاری بە ئەمریکا گەیاندبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ