رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی پشتیوانیی جەنگی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەکات.
رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینیی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەنگۆی ناردنی چەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا، گوایە لە دژی ئۆکراینا بەکاریان دەهێنێت.
جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "گواستنەوەی ئەو چەکانە هاوکاریی گەورەترین داگیرکاری بۆ سەر ئەورووپا دەکات، کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە کرابێت."
دیپلۆماتە ئەمریکییە بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، "لە کۆتایی ساڵی 2023، ئێران و رووسیا گرێبەستیکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی سەدان مووشەک بە رووسیا بدرێن تاوەکو درێژە بە دوژمنکاریی خۆی بۆ سەر ئۆکراینا بدات."
بە گوتەی وود، "ئەم هاوینە، ئێرانییەکان راهێنانیان بە ئەندامانی سوپای رووسیا کرد لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی مووشەک بالیستییەکانی ئێران. ئەم مانگە، رووسیا لە یەکەمین باردا سەدان مووشەکی لەو جۆرەی لە ئێرانەوە پێگەیشتن."
جێگری باڵیۆزی ئەمریکا هەروەها نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هاوپەیمانیی نێوان رووسیا و ئێران دەربڕی و گوتی: "هاوبەشیی نێوان رووسیا و ئێران تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی ئۆکراینا و ئەورووپا، بەڵکو راستەوخۆ هاوکاریی کارە تێکدەرەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرانسەری جیهانیش دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ