نێچیرڤان بارزانی دوو تابلۆ لەبارەی پێکەوەژیان لە کوردستان پێشکێشی پاپای ڤاتیکان دەکات

13-04-2023
هەڵات رێبوار
نێچیرڤان بارزانی تابلۆکە نیشانی پاپا فرانسیس دەدات
نێچیرڤان بارزانی تابلۆکە نیشانی پاپا فرانسیس دەدات
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە ئیتاڵیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان تابلۆیەکی زەیتی و فەرشێکی چنراوی پێشکێشی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کرد کە پێکه‌وه‌ژیانی ئایینەکان له‌ هه‌رێمی کوردستان نیشاندەدەن.
 
 تابلۆکە بچووکە، قەبارەکەی 50 بە 70ـیە و بە رەنگی زەیتی لەلایەن هونەرمەندێکی شێوەکاری دهۆکییەوە بەناوی خەیری ئادەم لەماوەی هەفتەیەکدا کێشراوە.
 
خەیری لەبارەی واتای پشت تابلۆکەیەوە قسەی بۆ رووداو دیجیتاڵ کرد و گوتی "تابلۆکە لە باکگراونددا مزگەوت، دێر و پەرستگەی ئێزدییانە، ئەمە واتای بەیەکەوەژیانی ئایینەکانە لە هەرێمی کوردستان".
 
وەک لە تابلۆکەدا دیارە، کۆمەڵێک کەس دەستی یەکدیان گرتووە و شایی دەکەن، ئەوەی سەرچۆپییەکەی بەدەستەوەیە ژنێکە و پەڕۆی سەرچۆپییەکەی سپییە. خەیری ئادەم دەڵێ "سەرچۆپییەکە بۆیە بە دەستی ژنێکەوەیە، چونکە ئەمە سیمبوولە بۆ توانای ژن لە کوردستان لە پێشڕەویکردن و پێشەنگبووندا. سەرچۆپییەکەش سپییە، واتا ئێمە لە کوردستان لەگەڵ ئاشتی داین".
 
دیمەنێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی تابلۆکە ئەوەیە، ئەوانەی شایی دەکەن وەک خەیری دەڵێ "لەنەتەوەی جیاوازن و ئایینی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە کوردستان سەرەڕای ئەو جیاوازییانە، یەکترقبوڵکردن و کولتووری هاوبەش هەیە، هەر لەبەرئەوەشە هەموویان یەک جۆرە شایی دەکەن و لە یەک ریزن".
 
خەیری ئادام، لەدایکبووی ساڵی 1981ـە و خەڵکی دهۆکە. ئەو، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی لە دهۆک خوێندووە و لە زانکۆی سەڵاحەدینیش لە هەولێر، کۆلێژی هونەرەجوانەکانی خوێندووە، لە کالیفۆرنیای ئەمریکا ماستەری لە بواری شێوەکاری بەدەستهێناوە.
 
زۆربەی تابلۆکانی خەیری بەگوتەی خۆی سیمبوولی نیشتمانییان تێدایە، دەڵێ "بۆم گرنگە خەڵک لە تابلۆکانمەوە بزانن کوردم".
 
لەسەر بانگهێشتنی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-4-2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆمای پایتەختی ئەو وڵاتەیە. نێچیرڤان بارزانی هەروەها چووە ڤاتیکان و ئەمڕۆ لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆبووەوە و ئەو تابلۆیەی پێشکێش کرد.
 
 
فەرشەکەش تابلۆیەکی هونەرییە و لەلایەن شاناز جەمال، چالاکوانی ئاشتی و پێکەوەژیانی جیهانی لە سلێمانییەوە چنراوە.
 
شاناز جەمال بە رووداوی گوت "ئەم فەرشەم لەماوەی هەفتەک لەسەر جاجمی کوردیی ناوچەی هەورامان کە تەمەنی 80 ساڵە، نەخشاندووە و لە نەخشەکانیشدا سیمی زێڕین و بەرد و یاقووتم بەکارهێناوە".
 
ئامانجی پشت ئەو کارە هونەرییەی شاناز وەک خۆی دەڵێ بۆ ئەوەیە "کولتوورەکەمان نیشانی ھەموو جیھان بدەین، بڵێین کولتووری ئێمە کولتووری پێکەوەژیانی ھەموو ئایین و نەتەوەکانە بەبێ جیاوازی". 
 
شاناز جەمال هەروەها گوتی "وێنەی چنراوی سەر تابلۆکە کۆترێکی سپیی درەوشاوەیە و ئاماژەیە بۆ رۆحی پاکی حەزرەتی پێغەمبەر عيسا، سەرووی تابلۆکەش سێ خاچی لەسەر چنراوە کە ئاماژەن بۆ ئایینی مەسیحی و پیرۆزیی رۆحی پیرۆز لە لایان".

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی گوت، پەکین دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و بەکارهێنانی هێزە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "چین بەردەوام دەبێت لە پێشاندانی کاریگەریی خۆی و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.