دڵشاد شەهاب: سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پاپا فرانسیس جەخت لە پێکەوەژیان دەکەنەوە

13-04-2023
پەیمان محەممەد
 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیایە و کۆمەڵێک کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسایەتیی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەبێت. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان جەختیان لە پێکەوەژیان کردەوە و دەشڵێت، ''ئەو برایەتی، ئاشتی و پێکەوەژیانەی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە، لە ئەولەوییەتی کاری ئێمەدایە.'' 
 
لەسەر بانگهێشتنی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆمای پایتەختی ئەو وڵاتەیە و لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆدەبێتەوە.
 
بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان و فراوانکردنی بواره‌کانی هاریکاریی هاوبه‌ش و چه‌ند پرسێکی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، لە رۆما لەگەڵ میلۆنی و لە ڤاتیکانیش لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-04-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی بە زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدایی رووداوی گوت، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیان لە پێکەوەژیان کردەوە.
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەیدا، پاپا فرانسیس ماوەیەکی کەمە تەندروستی باشبووەتەوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی لە باشبوونی تەندروستیی پاپای ڤاتیکان دەربڕی و سوپاسی کردن کە لەو کاتەدا پێشوازی لێکراوە.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر وەکو پاپا فرانسیس، نێچیرڤان بارزانیش جەختی لە پاراستنی ژینگەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتیشی، ''ئەو برایەتی، ئاشتی و پێکەوەژیانەی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە، لە ئەولەوییەتی کاری ئێمەدایە و بەخۆشییەوە ئەوە رۆژبەڕۆژ بەرەوپێشچوونی هەیە.''
 
دڵشاد شەهاب گوتیشی، ئەوە یەکەم دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسایەتییەکانی ڤاتیکان و ئیتاڵیا نییە و پێشینەیەک لە مێژووی ئەم پەیوەندییانەدا هەیە و پێگەی هەرێمی کوردستان جێگەی تێڕوانینیان بووە.
 
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا، زیاتر لە سێ مانگ دوای سەردانەکەی میلۆنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دێت.
    
هەروەها پاپا فرانسیس 266ـەمین پاپای ڤاتیکان، رۆژی هەینی، 5-3-2021، سەردانی بەغدای کرد و بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممەش، 7-3-2021، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پیاوانی ئایینە جیاوازەکانی کوردستان پێشوازی لێکرا.
 
پاپای ڤاتیکان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت "هاتووم تاوەکو پێکەوە لەگەڵ ئێوە نزا بۆ ئێوە و بۆ کریستیانەکان و بۆ هەموو مرۆڤایەتى بکەین. دووژمن هات بۆ ئەوەى ئەم وڵاتە تێکبدات، بەڵام ئێوە بە رەسەنیى خۆتان خزمەتتان کرد و پێشوازیتان لە ئاوارەکان و پێکهاتەکانى دیکە کرد. شەڕ رووخاندن و وێرانکردنە، بەڵام ئێوە دووژمنتان بەزاند و وڵاتەکەتان ئاوەدان دەکەنەوە".
 
دڵشاد شەهاب لەوبارەوە گوتی، پاپا فرانسیس لەو کاتەدا کە بەهۆی کۆرۆناوە ئاڵۆزی دروستببوو، هەرێمی کوردستان و هەولیری هەڵبژارد بۆ ئەوەی سەردانی بکا و رێوڕەسمی گەورەی سڵاو کردن لە پەیڕەوانی ئایینی بەڕێوەببات.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، بێگومان ئەو پەیوەندییە درێژەی دەبێت و سەرچاوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنێکی بەرچاوی پێکەوەژیانی ئایین و پێکهاتەکان کە ''ئەمە یەکێکە لە پەیامە  بەردەوام و گرنگەکانی قەداسەتی پاپا و یەکێکە لەو رێکارانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە کارەکانی خۆیدا کەڵکی لێوەردەگرێت و جەختی لێدەکاتەوە.''
 
بەگوتەی زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆبوونەوەی دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێدرۆ پارۆلین، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان پێکهات کە کۆبوونەوەیەکی زیاتر سیاسی بوو. 
 
دڵشاد شەهاب جەختی لەوە کردەوە، ''بابەتی کریستیانەکان بە تەنیا بابەتی گفتوگۆی دیدارەکە نەبووە و تەرکیزی قەداسەتی پاپا لەسەر ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بوو و تێڕوانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو یان ئایینێکی دیاریکراو نەبوو.''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا، جگە لەوەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە، دیداری لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانیش دەبێت.
 
پەیوەندیی سەربازی و بازرگانی، ئیتاڵیا بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبەستنەوە.
 
ئیتاڵیا لە ساڵی 2015ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە 900 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکردووە. هاوکات مەشق و راهێنانی بە 58 هەزار پێشمەرگە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە.
 
جگە لەوە، ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 430 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتیی دارایی و قەرز داوەتە عێراق.
 
لە رووی بازرگانیشەوە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئیتاڵیا، ساڵی رابردوو هەناردەی ئیتاڵیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سەرووی 765 ملیۆن یۆرۆ بووە کە بەشی هەرە زۆری ئامێر و تەکنەلۆجی جیاجیا بووە. 
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، بەرەی دژی تیرۆریستانی داعش بەرەیەکی جیهانییە و هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی باش و پێشمەرگەش رۆڵێکی کارای تێدا هەبووە.
 
دڵشاد شەهاب گوتیشی، لە دوا سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە کراوە دەبێ پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئاسایی ببنەوە و ئەو گرفتانەی کە هەن چارەسەر بکرێن، ''بۆ ئەوەی مامەڵەی جیهانیش لەگەڵ ئێمەدا ئاسانتر ببێت و ئەو دڵەڕاوکێیەی لەلایەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەران هەیە بڕەوێندرێتەوە.''
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بابەتی کۆچ و کۆچبەران لە ئیتاڵیا بە بابەتێکی گەرم دەزانێت و دەشڵێت، یەکێک لە سەرچاوەکانی کۆچ، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە سەقامگیریی ناوچەکان رەنگدانەوەی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچکردن دەبێت، دەشڵێت، ''دەبێ هۆکاری کۆچکردن چارەسەر بکرێت لەبری ئەوەی کە رێگری لە کۆچی هاووڵاتییان بکرێت.'' 
 
دڵشاد شەهاب پێیوایە، ئەم پێشوازی و دیدارانەی لە ئاستی باڵادا هەن، خەختکردنەوەیەکی دیکەیە لە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکەی لە سەقامگیریی ناوچە و عێراق و هاوکێشە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم باسی لە تێڕوانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''دەبێ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی مەلملانێکانەوە سەیر بکرێت و هەر لەو روانگەشەوە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستووەتەگەڕ بۆ زەوینەسازی و هێنانە کایەی کەشێکی ئارام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو."
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەش کرد، ''هەموو دۆستانمان جەخت لەوە دەکەنەوە ئێمە ئاسۆیەکی گەشمان لە پێشە و لە ناوچەیەکی گرنگداین وسەرچاوەیەکی مرۆیی بەهێز و رۆڵی کاریگەرمان لە عێراقدا هەیە و چەند پێگەیەکی ئابووری بەهێزیشمان هەیە؛ بۆیە گرنگە چارەسەری گرفتەکان بکەین بۆ ئەوەی زۆرتر لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە.'' دەشڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆڵ نادات بۆ ئەوەی کاریگەریی ناکۆکییەکان لەسەر پێگەی هەرێم کەم ببنەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام بەرلەوەی هەڵبژاردن بکرێت، پێویستە چۆنییەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن، وەکو خاڵیکی هەمواری ئەم یاسایە دیاری بکرێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش کارا بکرێتەوە.
 
یەکێتی و پارتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن تاڕادەیەک رێککەوتوون، بەڵام پرسی کورسیی کۆتاکان، هێشتا یەکلانەبووەتەوە و هەرچیی یەکێتییە دەڵێت، دەبێت کورسیی کۆتاکان لە سلێمانیش هەبێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەی بەردەم هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش، پێویستە بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە