مامۆستایەک لە پەنەما بە بەلەم دەڕوات وانە بە قوتابیانی هەژار دەڵێتەوە

13-03-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن خوێندن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەیەکی شاری پەنامای پایتەختی پەناما، مادلینا بەلەمێکی هەیە و بژێوی رۆژانەی خۆی پێ پەیدا دەکات. گارسیاش مامۆستای قوتابخانەی بنەڕەتییە و رۆژانە تەختە و لاپتۆپەکەی هەڵدەگرێت و لەگەڵ مادلینا سواری بەلەمەکە دەبێت و بە نێو رووبارەکەدا دەچن بۆ گوندێکی دوورەدەست بۆئەوەی وانە بە منداڵەکانی ئەو گوندە بڵێتەوە.
 
کارەکە مامۆستا گارسیا لەکاتێکدایە بەهۆی کۆرۆناوە قوتابخانەکان داخراون و ناوچەکەشیان خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی باشی لێ نییە تا بتوانن بە ئۆنلاین بخوێنن. 
 
گارسییا بۆوچا لەبارەی کارەکەی دەڵێت، "هەر کاتێک کە پەتاکە تەواو بوو و ئەم قەیرانە کۆتاییهات، شتێکی باش دەبێت قوتابیان بگەڕێنەوە قوتابخانە. ئەو کاتە پێویستە ئەم قوتابیانە هەموو وانەکانیان لەناو پۆل بخوێنن."
 
ئەو گوندە کە ناوی ئێلا پووروویە، دەکەوێتە دوورگەیەک و دانیشتووانەکەی خەڵکی رەسەنی وڵاتی پەنەمان. گارسییا قوتابیەکانی لە شوێنێک کۆدەکاتەوە کە هاوشێوەی قوتابخانە، کورسی و مێزی لێدانراوە و لەسەر لاپتۆپەکەی ڤیدیۆی فێرکارییان پێشاندەدات. 
 
دایکوباوکی خوێندکارەکان دڵسۆزیی مامۆستاکە بەرز دەنرخێنن. ئێڤیلین کاباریرا، دانیشتووی پەنەمایە و دەڵێت، "ئەم ئەزموونە بۆ دایکوباوکی قوتابیان شتێکی باشە، چونکە هەموو مامۆستاکان بەم جۆرە نین و هەوڵ نادەن. گەشتەکەی هەندێک درێژ و مەترسیدارە، بەڵام گراسییا بە خۆشەویستییەوە ئەو کارە بۆ قوتابیان دەکات و ئێمەش سوپاسی دەکەین و بۆ هاوکاریکردنی مامۆستاکە لێرەین."
 
دوورگەکە هیچ قوتابخانەیەکی فەرمیی لێ نییە. پێش هاتنی کۆرۆنا، منداڵەکانی دوورگەکە دەڕۆیشتنە قوتابخانەکانی شارەکانی دەوروبەر. رۆژانە دایکوباوکیان بە بەلەم دەیانبردن بۆ بەندەری ناوچەکە. لەوێشەوە بە پاس رێگەیەکی 40 خولەکییان دەبڕی تاوەکو دەگەیشتنە قوتابخانە. 
 
پەناما دەکەوێتە ئەمریکای ناوەڕاست، بە گوێرەی بانکی جیهانی، نزیکەی 32٪ـی دانیشتووانەکانی لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین و لەو رێژەیەش 27٪یان لە هەژارییەکی سەختدان. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە