رووداو دیجیتاڵ
لە بەرامبەر ئەو کارانەی لە هەرێمی کوردستان کردوونی، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا خەڵاتی مافەکانی مرۆڤی بە رێکخراوی نێودەوڵەتیی CPT بەخشی.
خەڵاتی "لالەی مافەکانی مرۆڤ" ساڵانە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەدرێت. خەڵاتەکە لە پەیکەرێکی برۆنزی گوڵی لالە و 100 هەزار یۆرۆ پێکدێت.
رێکخراوی CPT لە هەرێمی کوردستان چاودێریی جموجوڵ و چالاکییە سەربازییەکان دەکات و داکۆکی لە بەکارهێنانی رێگەی ئاشتیانە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژە بەوە دەکات، وێڕای ئەوەی تیمی CPT لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە 3 کەس پێکدێت، "لێهاتوویی خۆی لە تۆمارکردن و پشتڕاستکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سەلماندووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە تۆڕێک لە هاوبەشانی متمانەپێکراو."
کامەران عوسمان، کارمەندی رێکخراوەکە دەڵێت: "چۆن بە سێ کەس دەتوانی هەموو ئەم زانیارییانە کۆبکەیتەوە؟ وەڵامەکە ئاسانە، ئێمە لەگەڵ خەڵک چای دەخۆینەوە. زۆر چای دەخۆینەوە. بەم شێوەیە داتا کۆدەکەینەوە."
CPT داکۆکی لە مافی ئەو خەڵکە دەکات کە بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانی تورکیا و ئێران لە ناوچە سنوورییەکان زیانیان بەرکەوتووە و داوای قەرەبووکردنەوەیان دەکات.
رێکخراوەکە هەروەها یارمەتیی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانان دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ