گۆڤاری تایم ترەمپ وەکو کەسی ساڵ دەستنیشان دەکات

12-12-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گۆڤاری (تایم)ـی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ وەکو کەسی ساڵ دەستنیشان دەکات. ئەمە دووەم جارە ترەمپ ئەو ناسناوە وەربگرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 12-12-2024 گۆڤاری تایم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای وەکو کەسی ساڵ دەستنیشانکرد. تایم رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ کەسی ساڵی 2024ـە."
 
گۆڤارەکە کە بارەگای سەرەکی لە نیویۆرکە، لەبارەی هۆکاری دەستنیشانکردنی ترەمپ نووسی: "بۆ رابەرایەتیکردن لە گەڕانەوەیەکی مێژوویی بۆ سەرۆکایەتی، بۆ سەرکردایەتیکردنی گۆڕانکارییەکی دەگمەنی سیاسی، بۆ گۆڕینی سیمای سەرۆکایەتیی ئەمریکا و گۆڕینی رۆڵی ئەمریکا لەسەر سەکۆی جیهان."
 
دۆناڵد ترەمپی 78 ساڵ، لە 05-11-2024 توانی بەسەر کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان سەرکەوێت و ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.
 
تایم هەروەها رایگەیاند: "ئێمە شایەتی سەرهەڵدانەوەی پۆپۆلیزم، نەمانی متمانە بە دامەزراوەکان و نەمانی باوەڕ بەوەی کە بەها لیبراڵییەکان ژیانی خەڵک بەرەو پێش دەبات؛ ترەمپ بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییانەیە."
 
گۆڤاری تایم گۆڤارێکی هەواڵیی هەفتانەیە و لە ساڵی 1923 یەکەم ژمارەی دەرچووە. لە ژمارەیەی ئەم هەفتەیە کە ناوی ترەمپی ئاشکراکرد، وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ بە بۆینباخێکی سوورەوە لەسەر بەرگی گۆڤارەکەی چاپکرد. ئەمە دووەمجارە ترەمپ دەبێتە کەسی ساڵ، یەکەمجار لە ساڵی 2016 بوو کاتێک بووە سەرۆکی ئەمریکا.
 
ئەو سەرۆکانەی کە دوو جار ئەو ناسناوەیان وەرگرتووە بریتیین لە: بیڵ کلینتن، جۆرج بووشی کوڕ و باراک ئۆباما. فرانکڵین رووزڤێڵت تاکە کەسی جیهانە سێ جار لەسەر یەک ئەو ناسناوەی پێدرابێت.
 
کاتێک لە 2016 گۆڤارەکە ناوی ترەمپی وەک کەسایەتیی ساڵ بڵاوکردەوە، ترەمپ گوتی: "بڵاوکراوەیەکی زۆر گرنگە." ترەمپ لە 2016 لە هەڵبژاردن بردییەوە، بەڵام زۆرینەی دەنگی بەدەستنەهێنا. ئەوکات هیلاری کلینتنی رکابەری توانی زیاتر لە 65 ملیۆن دەنگ بهێنێت و ترەمپیش 62 ملیۆنی دەنگی هێنا. 
 
تایم لە وەسفی ترەمپ نووسی: "سەرۆکی ویلایەتە دابەشبووەکانی ئەمریکا." ئەوکات ترەمپ رەخنەی لە گۆڤارەکە گرت و لە هەڤپەیڤینێک گوتی: "من دابەشم نەکرد، پێکەوە دەتوانین ئەمریکا یەکبخەینەوە."
 
لە ساڵی 2017 دۆناڵد ترەمپ گوتی: "دەکرا بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک وەک کەسایەتیی ساڵ هەڵبژێردرابام، بەڵام چونکە هەڤپەیڤنم لەگەڵ تایم نەکرد، ئەوان منیان هەڵنەبژارد." گۆڤاری تایم ئەو لێدوانەی رەتکردەوە.
 
تووڕەیی ترەمپ لە گۆڤارەکە بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، ئەوکات گۆڤاری تایم لیستی "کاریگەریترین کەسایەتییەکانی ساڵ"ـی بڵاوکردەوە و ناوی ترەمپی تێدا نەبوو. 
 
ئەوکات ترەمپ گوتی: "تایم متمانەی لەدەستداوە." لە ساڵی 2013 ترەمپ دووبارە ناوی لە لیستی کەسە کاریگەرەکان نەبوو، گوتی: "تایم بەمزووانە دادەخرێت و کۆتایی پێدێت."
 
گۆڤاری تایم دەڵێت، هەڵبژاردنی ناوێک وەکو کەسی ساڵ، کاریگەریی ئەو کەسە پیشاندەدات نەوەک پشتگیری و رەخنەی گۆڤارەکە لەو کەسە.
 
لە ساڵی 1998 واڵتەر ئزاکسن، سەرنووسەری گۆڤاری تایم لەبارەی هەڵبژاردنی کەسی ساڵ نووسی: "ناسناوی کەسی ساڵ بە کەسێک دەدرێت کە کاریگەریی لەسەر ژیانمان و هەواڵەکان هەبووبێت لەو ساڵەدا، ئینجا باش یان خراپ."
 
هەڵبژاردنی کەسی ساڵ لە گۆڤاری تایم بۆ ساڵی 1927 دەگەڕێتەوە. چارڵز لیندبێرگ، فڕۆکەیەکی دروستکرد کە دەیتوانی بەبێ وەستان بەسەر زەریای ئەتڵانتیک بفڕێت و گۆڤارەکە وەکو (پیاوی ساڵ) دەستنیشانیکرد.  لە ساڵی 1999 گۆڤارەکە ناسناوەکەی لە (پیاوی ساڵ) بۆ (کەسی ساڵ) گۆڕی.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هیتلەر و ستالینیش لەلایەن گۆڤارەکە وەکو کەسی ساڵ دەستنیشانکراون. هەندێک جار گۆڤارەکە ناسناوەکە بە دوو کەس دەبەخشێت، بۆ نموونە لە ساڵی 2020 کاتێک جۆ بایدن و کامالا هاریس، پێیان بەخشرا. 
 
دیارترین ئەوانەی وەکو کەسی ساڵ هەڵبژێدراون: مەهاتما گاندی (1930)، ئەدۆڵف هیتلەر (1939)، وینستن چەرچڵ (1940)، جۆزێف ستالین (1943)، شاژنە ئێلیزابێس (1952)، روحوڵڵا خومەینی (1979)، بیڵ گەیتس (2005)، مارک زوکەربێرگ (2010)، پاپا فرانسیز (2013)، ئەنجێلا مێرکڵ (2015)، ئیلۆن مەسک (2021)، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی (2022) و تایلەر سویفت (2023).
 
مەرج نییە تەنیا مرۆڤ ئەو ناسناوەی وەرگرتبێت، بۆ نموونە: ئینتەرنێت لە 1994، یەکێتیی سۆڤییەت لە 1991، کۆمپیوتەر لە 1982 و قەیرانی نەوت لە 1973 ناسناوەکەیان پێدرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە