لە کرواتیا بە قامچی لە ژمارەیەک کۆچبەر دەدرێت

12-10-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
میدیاکانی ئێران: کۆچکردن سێ هێندەی ساڵانی پێشوو زیادیکردووە
میدیاکانی ئێران: کۆچکردن سێ هێندەی ساڵانی پێشوو زیادیکردووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران کۆچکردن لەو وڵاتە سێ هێندە زیادیکردووە و زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی وڵاتەکەیان جێدەهێڵن، دەرچووی زانکۆن و ئەوانەن کە بە دوای کار و ژیانی باشتردا دەگەڕێن، بەڵام لە رێگەشدا تووشی سەختی و ئازاری زۆر دەبنەوە. 
 
بەشێک لەوانەی لە رێگەی وشکانییەوە دەیانەوێ خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپی دەچنە بۆسنیا و دەیانەوێ بە تێپەڕبوون بە خاکی کرواتیا و سلۆڤینیا بگەنە نەمسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، بەڵام پۆلیس و سوپای کرواتیا دەستبەسەریان دەکەن و دوای لێدان و ئازاردانێکی زۆر دەیانگەڕێننەوە. 
 
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت لەسەر خاکی کرواتیا ژمارەیەک کۆچبەر دەستگیرکراون و بە قامچی لێیان دەدرێت، دوای ئازارێکی زۆری جەستەیی و دەروونی، رەوانەی بۆسنیایان دەکەنەوە. تاوانی کۆچبەرەکان بەزاندنی سنووری کرواتیایە، بەڵام ئەم شێوازەی مامەڵەکردن لەگەڵیان لەلایەن یاسای نێودەوڵەتییەوە رەتکراوەتەوە.
 
دیمەنەکان لەلایەن ژمارەیەک میدیا و دامەزراوەی بنکۆڵکاری ئەوروپی لە مانگی حوزەیرانەوە بەدزییەوە گیراون و کاریان لەسەر دەکرێت.
 
واحید کۆچبەرێکی ئێرانییە، بە تەنیا لە کەمپی ڤێلیکا کلادووشای باکووری بۆسنیا ماوەتەوە، لەپێناو دەستکەوتنی ژیانێکی ئاسوودە، رووبەڕووی هەموو ئەشکەنجەیەک بووەتەوە. ئەو کۆچبەرە ئێرانییە دەڵێت، لە کرواتیا "دەستیان بە لێدانم کرد، زۆریان لێدام و هەمووشیان لایتێک بەسەر رووخساریانەوە بوو، لەبەر تیشکی لایتەکان هیچم نەدەبینی، ماوەی کاژێر و نیوێک لە دەستی پۆلیسی سنوورەکان مامەوە، هاوارم کرد تکایە! تکایە! لێم مەدەن، لەگەڵ هەر بۆکسێک دەیانگوت دەتەوێ بچیتە ئیتاڵیا؟ دەتەوێت بچیتە ئەڵمانیا؟ دەتەوێ بچیتە فەرەنسا؟ زۆر سووکایەتیان پێکردم. ئەوان چێژیان لە ئازاری من دەبینی. ئەگەر برینداربووبام ئەوان ئاسودەدەبوون. پێم پێدەکەنین." 
 
کۆچبەران لە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاوە خۆیان دەگەیێننە بیلاڕووس، بەرپرسانی ئەو وڵاتە هیچ باکێکیان بەوە نییە کە کۆچبەران خاکی ئەوان بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپی بەکاردەهێنن.
 
بەڵام کۆچبەران لەم کۆچە پڕسەرکێشی و مەترسییەیاندا بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسیی نێوان بیلاڕووس و وڵاتانی ئەوروپا.لە دارستانەکاندا گیر دەخۆن، لە برسان وشکدەبنەوە کە دەستگیریش دەکرێن مامەڵەیەکی تووندیان لەگەڵ دەکرێت.
 
سەتان کۆچبەر لە کەمپە کاتییەکان لە نزیک شاری ڤێلیکا کلادوشا لە باکووری بۆسنیا ماونەتەوە و ناچنە کەمپە فەرمییەکان، هیوایەکیان بەوەیە لە رێگەی کرواتیاوە بپەڕنەوە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئەوە ئاسان نییە.
 
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو سەتان کۆچبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، بە فڕۆکە و بە پیادەڕەوی لە رێگەی بیلاڕووسەوە بەسەر وڵاتی خەونەکانیان لە ئەوروپا دابەشبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی تونس.

32 کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردن لە تونس ئازاد کران

32 کۆچبەر کە زۆرینەیان هاونیشتمانى هەرێمى کوردستانن لە تونس ئازاد کران، دواى ئەوەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرابوون، 14 کۆچبەرى دیکەیان کە بەندکراون، چاوەڕێى بڕیارى داواکارى گشتى ئەو وڵاتەن.