کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ شەڕی ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان دەکەن

12-09-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای دیبەیتەکەیان، هاریس و ترەمپ دەگەڕێنەوە بانگەشەکانیان و ئامانجیانە سەرنجی خەڵکی ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان بەلای خۆیاندا رابکێشن.
 
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە دیبەیتێکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 11-09-2024، رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
 
دوای دیبەیتەکە، هاریس بە نیازە چەند بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور بکات و دۆناڵد ترەمپیش روو لە ئەریزۆنا دەکات. نزیکەی 67 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان راستەوخۆ بینەری دیبەیتەکە بوون.
 
دیبەیتەکەی شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، نزیکەی 105 خولەکی خایاند و گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەت کرا. بڕیارە دوو مانگی دیکە لە 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێت.
 
لەبارەی پلانی دوای دیبەیتەکە، تیمی بانگەشەی هاریس بڵاویکردەوە: "کامالا هاریس قۆناخێکی سەختتر و چڕتری دەستپێکردووە و دەیەوێت سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات."
 
تیمەکە ئەوەشی ئاشکراکرد کە هاریس زیاتر لەگەڵ راگەیاندنەکان دەبێت. کامالا هاریس تاوەکو ئێستا، جگە لەو دیبەیتە، تەنیا یەک چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی کردووە.
 
بەگوێرەی تیمەکەی هاریس، خانمە بەربژێرەکە دەچێتە شارەکانی چارلۆت و گرینزبۆرۆ لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور. ئەو لە دوو شارەکە پەیامی ئەوە بە خەڵک دەدات "لاپەڕەی ترەمپ هەڵبدەنەوە."
 
هاریس سەرنجی لەسەر دەنگدەرە گەنجەکان و رەشپێستەکان دەبێت و هەوڵی رازیکردنیان دەدات بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن. رۆژی هەینی کامالا هاریس روو لە ویلایەتی پێنسلڤانیا دەکات و سەردانی شارەکانی جۆنستاون و ویلکسبار دەکات.
 
تیم وۆڵز، جێگری کامالا هاریس لە پێنجشەممە بۆ شەممەی داهاتوو، سەردانی هەردوو ویلایەتی مشیگن و ویسکۆنسن دەکات.
 
یەکەم بانگەشەی ترەمپ لەدوای دیبەیتەکە لە شاری تەکسۆن لە ویلایەتی ئەریزۆنا دەبێت. بەگوێرەی تیمی هەڵبژاردنەکەی، بەربژێرە 78 ساڵییەکە لە بانگەشەکەی سەرنج دەخاتە سەر "ئابووریی خراپی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە." ترەمپ دواتر دەچێتە شاری لاسڤێگاس لە نیڤادا.
 
ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان بریتین لە ئەریزۆنا، ویسکۆنسن، نیڤادا، جۆرجیا، مشیگن، پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ و کارۆلاینای باکوور.
 
هەمیشە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان ئاراستەی هەڵبژاردنەکانیان گۆڕیوە و چاوی بەربژێرەکانیان لەسەرە.
 
یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵ لە نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپدا بوو. دیبەیتەکە لە 28-06-2024 بوو، بەڵام دوای چەند رۆژێک بایدن لەلایەن بەشێکی ئەندامانی پارتەکەی گوشاری لێکرا کە بکشێتەوە، ئەویش کشایەوە و پشتگیریی خۆی بۆ هاریس دەربڕی.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لە 11-09-2024 کراوە، هاریس دەرفەتی بردنەوەی 48.5٪ و دۆناڵد ترەمپیش 47.2٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا

ڤانس داوای هێورکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکا و بەکارنەهێنانی زمانی زبر دەکات

جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە سیاسەتڤانانی پارتە رکابەرەکانی وڵاتەکەی دەکات، بەکارهێنانی زمانی زبر کەم بکەنەوە و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن هێور بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ دووەم جار لە ماوەی دوو مانگدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەوە