رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە تاوەرێکی ساردکردنەوەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیای ئۆکراینا کەوتەوە، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی رووسیادایە.
کیێڤ و مۆسکۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەخەنە ئەستۆی یەکدی.
ئۆکراینا، رووسیا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێن، ئاگرەکە نەبووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی یان زیادبوونی تیشكدانەوەی ئەتۆمی.
وێستگەکە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبایە لەسەر ئاستی ئەورووپا.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی رووسیا بە ناوی ڤلادیمیر رۆگۆڤ لە پەیامێکی تیلیگرامدا رایگەیاند، ئاگری تاوەرەکە "بە تەواوی کوژێنراوەتەوە".
ئەو بەرپرسە و یەڤگینی بالیتسکی، کە لە لایەن مۆسکۆوە وەک پارێزگاری زاپۆریژیا دەستنیشانکراوە، هۆکاری ئاگرەکەیان خستە ئەستۆی هێزەکانی ئۆکراینا.
هاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی، "داگیرکارە رووسەکان ئاگریان لە وێستگەکەدا بەرداوە" و مۆسکۆی تۆمەتبارکرد بەوەی دەیەوێت لەو رێگەیەوە کیێڤ ناچار بە سازش بکات.
زیلینسکی گوتی، "ئێستا ئاستی تیشکدانەوە لە سنووری ئاساییدایە."
بالیتسکی و نووسینگەی راگەیاندنی وێستگە ئەتۆمییەکەش باسیان لەوە کرد کە تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە شوێنەکە لە ئاستی ئاساییدایە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە چەند پسپۆڕێکی لە نێو وێستگەکەدا هەیە، گوتی، "لە رووی سەلامەتیی ئەتۆمییەوە، هیچ کاریگەرییەک نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ