کچێکی ئۆکراینی لە پۆڵەندا بۆ بژێویی ژیان سێ کار دەکات: ژیان لێرە زۆر قورسە

13-07-2023
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
ئاناستاسیا میلۆسێردۆڤ، هاووڵاتیی ئۆکراینی لە پۆڵەندا. وێنە: رووداو
ئاناستاسیا میلۆسێردۆڤ، هاووڵاتیی ئۆکراینی لە پۆڵەندا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - وارشۆ

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم شەش ملیۆن و 331 هەزار ئۆکراینی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا بوون. یەکێک لەو ئاوارانە کچێکی 22 ساڵە و دوای تەواوکردنی خوێندن ئێستا لە پۆڵەندا سێ کار دەکات بۆ بژێویی ژیان و دەڵێت، "ژیان لێرە زۆر قورسە."
 
ئاناستاسیا کچێکی 22 ساڵی خەڵکی زاپۆریژیای ئۆکراینایە، لەکاتی هێرشی رووسیا بۆسەر خاکی وڵاتەکەی لە مۆسکۆ قۆناخی کۆتایی خوێندنی تەواو دەکرد. هێشتا باوەڕ بەوە ناکات کە بەسەریاندا روویدا و لەدوای کۆنترۆڵکردنی زاپۆریژیا لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە، نزیکەی ساڵ و نیوێکە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە وارشۆ دەژی.
 
ئاناستاسیا میلۆسێردۆڤ، هاووڵاتیی ئۆکراینی لە پۆڵەندا دەڵێت، "ئێستا من سێ کارم هەیە، چونکە دەبێت پارە بەدەستبهێنم تاوەکو لێرە بژیم، چونکە ژیان لێرە زۆر قورسە، ئێمە هیوادارین ئەم شەڕە زوو تەواو ببێت، بەڵام بۆ ئێستا پێموایە کە دەبێت ماوەیەک لێرە بمێنین و هەرچۆنێک بێت بتوانین یارمەتیی وڵاتەکەمان بدەین."
 
لە دەستپێکی شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا ژیان بۆ هەموو ئۆکراینییەکان گۆڕا. دوو گەنجی ئۆکراینیی تەمەن 18 ساڵ، قۆناخی کۆتایی خوێندنیان لە رێگەی ئۆنلاین تەواو کرد و ئێستا لە وارشۆ کاری پاککەرەوە دەکەن و خۆیان بۆ خوێندنی زانکۆ ئامادە دەکەن.
 
یەکێک لەو گەنجە 18 ساڵە ئۆکراینییانە بەناوی تیخۆن میلۆسێردۆڤ گوتی، "ئەمە ژیانێک نەبوو کە چاوەڕێم دەکرد، ئەمە ژیانێک نەبوو کە دەمویست، ئەمە ژیانێک نەبوو کە پلانم بۆ دانابوو! خوێندنم لێرە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو تەواو دەکەم و پێموایە دەگەڕێمەوە وڵاتەکەم و لەوێ کار دەکەم."
 
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا شەش ملیۆن و 331 هەزار ئۆکراینی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا بوون، یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس لە پۆڵەندا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کە بەشێکیان کار و ژیانی خۆیان دەکەن، بەشێکیشیان هێشتا لەو کەمپانەن کە حکومەتی پۆڵەندا بۆی دیاریکردوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە