دۆناڵد ترەمپ: کۆچبەران زیانیان بە سەگ و پشیلەکانمان گەیاندووە و لە برسا دەیانخۆن

11-09-2024
تەنیا ئەحمەد
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە دیبەیتەکەیدا بەرامبەر کامالا هاریس قسە دەکات. وێنە: SAUL LOEB / AFP
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە دیبەیتەکەیدا بەرامبەر کامالا هاریس قسە دەکات. وێنە: SAUL LOEB / AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دیبەیتی سەرۆکایەتی لە دژی کامالا هاریس، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چوونی کۆچبەری زۆر بۆ ئەمریکا زیانی بە سەگ و پشیلەی وڵاتەکە گەیاندووە، چونکە کۆچبەران دەیانخۆن. لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەو ناوچەیەی ئەمریکا کە ترەمپ باسیکرد، بڵاویانکردەوە کە ئەو دەنگۆیانە راست نین.
 
رۆژی چوارشەممە 11-09-2024 دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "کۆچبەرانی هایتی لە کاتی پەڕینەوە بۆ ئەمریکا، لە برسا سەگ، پشیلە و ئاژەڵە ماڵییەکان دەخۆن."
 
ترەمپی 78 ساڵ ئەو قسانەی لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی بەرامبەر کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان کرد و بە دیاریکراوی گوتی، "لە شاری سپرینگفیڵد لە ویلایەتی ئۆهایۆ، کۆچبەرە هایتییەکان سەگ و پشیلە دەخۆن و ئاژەڵە ماڵییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەدزن."
 
کامالا هاریس بەو لێدوانەی ترەمپ پێکەنی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی دیبەیتەکەش بە ترەمپی گوت، بەرپرسانی ئەو شارە پێشتر رایانگەیاندبوو کە ئەو دەنگۆیە هیچ بنەمایەکی نییە.
 
دیبەیتی دوو بەربژێرەکە لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بەڕێوەچوو، زیاتر لە 90 خولەکی خایاند، ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی 55 رۆژ بۆ دەستپێکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ماوە.
 
جەی دی ڤانس، سیناتۆری ئۆهایۆ و جێگری ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، "چەندین سکاڵامان بەدەست گەیشتووە کە کۆچبەرانی هایتی ئاژەڵی خەڵکی ئەو شارەیان بردووە."
 
رۆژی سێشەممە ڤانس رایگەیاند، "دەکرێت هەموو ئەو سكاڵایانە راست نەبن."
 
رۆژی 06-09-2024 وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا پیاوێکی رەشپێست دەردەکەوێت مراوییەکی مرداربووی لەدەستە. لە بڵاوکراوەکە نووسراوە، "سپرینگفیڵد شارۆچکەیەکی بچووکی ئۆهایۆیە. چوار ساڵ لەمەوبەر 60 هەزار کەس لەو شارۆچکەیە دەژیان، ئێستا لەژێر ئیدارەی بایدن و هاریس نزیکەی 20 هەزار کۆچبەری هایتی هێنراونەتە شارۆچکەکە. ئێستا خەریکە مراوی و ئاژەڵە ماڵییەکان نامێنن."
 
برایان هێک، پارێزگاری سپرینگفیڵد بڵاویکردەوە، "وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە تاوانکاری لەلایەن کۆچبەرانەوە لە شارەکەی ئێمە کراوە، دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە پیشانی بدات ئاژەڵی ماڵی رفێندرابن و خورابن."
 
رۆژی 09-09-2024 پۆلیسی شاری سپرینگفیڵد رایگەیاند، هیچ سکاڵایەکیان بەدەست نەگەیشتووە.
 
تاکە رووداو کە پەیوەندیی بەو دەنگۆیانە هەبێت لە رۆژی 26-08-2024 روویدا، کاتێک ژنێکی 27 ساڵ لە شاری کانتۆن لە ئۆهایۆ پشیلەیەکی ئەشکەنجەدا، کوشتی و خواردی. پۆلیس ژنەکەی دەستگیرکرد و رایگەیاند، نەخۆشیی دەروونی هەبووە. پۆلیس هەروەها ئاشکرای کرد کە ژنەکە کۆچبەر نییە و لەو ویلایەتە لەدایکبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا

ڤانس داوای هێورکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکا و بەکارنەهێنانی زمانی زبر دەکات

جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە سیاسەتڤانانی پارتە رکابەرەکانی وڵاتەکەی دەکات، بەکارهێنانی زمانی زبر کەم بکەنەوە و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن هێور بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ دووەم جار لە ماوەی دوو مانگدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەوە