رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر کاروانێک تانکەر کە لە لوبنانەوە دەچوونە سووریا و لە ئەنجامدا سێ سەربازی حیزبوڵڵای لوبنانی کوژران.
لە دوای جەنگی غەززەوە کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکردووە، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی رۆژانە لەسەر سنوور هێرشیانکردووەتە سەر یەکدی.
سەرچاوەیەکی سەربازیی لوبنان دەڵێت، "سێ ئەندامی حیزبوڵڵا بە 9 مووشەکی ئیسرائیل کوژران کە کاروانێک تانکەر و خانووێکیان لە گوندێکی نزیک سنووری سووریا کردنە ئامانج".
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکان پێگەیەکی سەربازیی یەکەی 4400ی حیزبوڵڵایان بۆردوومانکرد."
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، ئەو یەکەیە "بۆ بەقاچاخبردنی چەک لە لوبنانەوە بەکاردەهێنرێت".
سوپاکە ئاماژە بەوە دەکات، دوو شوێنی دیکەشیان لە ناوچەی بەعلبەک لە رۆژهەڵاتی لوبنان کردووەتە ئامانج.
چالاکڤانە خۆجێییەکان سووریاش دەڵێن، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا، 5 کەس کوژراون، کە سیانیان سووریایین و لەگەڵ حیزبوڵڵا کاردەکەن و دووەکەی دیکەش لوبنانین.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کە شەوی دووشەممە کراونەتە سەر باشووری لوبنان، دوای ئەوە هاتن کە رۆژی دووشەممە، درۆنێکی لەو ناوچەیە تێکشکا.
چەند کاژێرێک پێش ئەو هێرشە ئاسمانییانە، حیزبوڵڵا گوتی، درۆنێکی ئیسرائیلییان لە جۆری هێرمس لە ئاسمانی لوبنان خستووەتە خوارەوە.
حیزبوڵڵا، کە خۆیشی بەکارهێنانی درۆنی زیادکردووە، رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، هێرشی سەر ژمارەیەک پێگەی ئیسرائیلیان کردووە، لە نێویاندا بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان.
لە شەڕ و پێکدادانەکانی هەشت مانگی رابردوودا، لە لوبنان 462 کەس کوژراون کە زۆربەیان چەکدار بوون و 90یان سڤیل. لە دیوی ئیسرائیلیش، لانیکەم 15 سەرباز و 11 سڤیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ