رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆریای باشوور ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، دوای ئەوەی سەربازانی کۆریای باکوور سنووری وڵاتەکەیان بەزاند، سەربازانی کۆریای باشوور تەقەی هۆشدارییان کرد بۆ ئەوەی ناچار بە گەڕاندنەوەیان بکەن.
بەم دواییانە، ناکۆکیی نێوان هەردوو کۆریاکە زیاتر بوون دوای ئەوەی کۆریای باکوور بە باڵۆن زبڵ و خاشاکی ناردە نێو سنووری وڵاتە دراوسێکەی.
سوپاسالاری کۆریای باشوور دەڵێت، ئەو سەربازانە لە سنووری کۆریای باکووردا بوون و سەرقاڵی کارێکی نەزانراو بوون، بەڵام دواتر بۆ ماوەیەکی کورت پەڕیونەتەوە نێو سنووری کۆریای باشوور.
دوای ئەوەی کە سەربازانی باشوور تەقەی هۆشدارییان کردووە، سەربازەکان دەستبەجێ گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
سوپاسالاری کۆریای باشوور ئاماژە بەوە دەکات، سەربازە باکوورییەکان هیچ کارێکی گوماناویی دیکەیان نەکردووە.
سوپای کۆریای باشوور پێیوایە، پێدەچێت ئەو سەربازانە بە مەبەست سنووریان نەبەزاندبێت، چونکە ناوچەکە دارستانە و نیشانە و تابلۆی ئاگادارکردنەوەکان بە روونی دیارنین.
رۆژی یەکشەممە، کۆریای باشوور لە بڵندگۆکانی سەرسنوورەوە دەستی بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی پیۆنگیانگ بۆ نێو سنووری کۆریای باکوور کرد، ئەوەش لە وەڵامی ناردنی زبڵ و خاشاک بە باڵۆن لەو دیو سنوورەوە بۆ نێو خاکەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ