رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هەموو وڵاتان دەکات پشتگیری لە پڕۆسەیەکی "گشتگیر"ـی سیاسی لە سووریا بکەن. دەشڵێت، ئەمریکا ئامادەیە دان بە حکومەتی داهاتووی سووریا دا بنێت، ئەگەر لەلایەن هەموو وڵاتانەوە پاڵپشتیی بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانووی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "گەلی سووریا بڕیار لە داهاتووی سووریا دەدەن. هەموو وڵاتان دەبێت پاڵپشتی لە پڕۆسەیەکی گشتگیر و شەفاف بکەن کە دووربێت لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، حکومەتی داهاتووی سووریا دەبێت "جێگەی متمانە، گشتگیر و دوور لە تایەفەگەری" بێت.
لەبارەی کاری لەپێشینەی حکومەتی داهاتووی سووریا، بلینکن دەڵێت، دەبێت "تەواو پابەندنی پاراستنی مافەکانی کەمایەتییەکان بێت" و رێگە بە ناردنی یارمەتی مرۆیی بدات.
بلینکن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی داهاتووی سووریا "رێگە بگرێت لەوەی سووریا وەکو بنکەیەک بۆ تیرۆر بەکاربهێندرێت و ببێتە هەڕەشە بۆ دراوسێکانی، هەروەها دڵنیایی بدات لەوەی کە چەکە کیمیاوییەکان و بایۆلۆژییەکان بەشێوەیەکی سەلامەتی لەنێوبراون."
لەماوەی 13 ساڵەی جەنگی نێوخۆی سووریا، ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندبوو کە بەشار ئەسەد متمانەی لەدەستداوە.
پەیوەندی نێوان ئەمریکا و حکومەتی پێشووی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد پەیوەندییەکی ئاڵۆز بوو، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە 2011.
سووریا بەهۆی هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ئێران و گرووپەکانی نزیکی، ئەمریکا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ سنووردار کردبوون.
لە ساڵی 2005، پەیوەندیی ئەمریکا و سووریا بەرەو خراپی رۆیشت، ئەوەش دوای ئەوەی رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان کوژرا و ئەمریکاش سووریای بە تێوەگلانی تۆمەتبار کرد.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریاش، ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ گرووپەکانی دژ بە بەشار ئەسەد راگەیاند و هەوڵیدا کاریگەری ئێرانیش لەسەر دیمەشق کەمبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ