رووداو دیجیتاڵ
کیم جونگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور رایگەیاند، وڵاتەکەی دەست بە زیادکردنی چەکە ئەتۆمییەکانی دەکات.
کیم لە 76ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشكێشکرد. هەزاران کەس بۆ بەرزڕاگرتنی یادەکە، لە نێوەڕاستی پیۆنگیانگی پایتەخت کۆبوونەوە.
کیم ئاماژەی بەوە کرد، "هەڕەشەی زیاتری جۆراوجۆر" لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە بۆ سەر کۆریای باکوور دروستبوون، بۆیە چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەیان "پێویستە نایابتر بکرێت."
کیم گوتی، کۆریای باکوور "دەست بە بەهێزکردنی هێزە ئەتۆمییەکەی دەکات بۆ ئەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی هەبێت." گوتیشی: "هەوڵ و رێکارەکان دوو هێندە دەکەین بۆ ئەوەی هەموو هێزەکانی دەوڵەت، لە نێویاندا هێزی ئەتۆمی، بە تەواوی بۆ جەنگ ئامادەبن."
کیم ئاماژەی بەوە کرد، کۆریای باکوور "وڵاتێکی ئەتۆمیی بەرپرسیارە" و "ئامانج لە چەکە ئەتۆمییەکانمان ئەوەیە بەرگری لە خۆمان بکەین، نەوەک هەڕەشە لە هیچ کەس بکەین."
ئەم قسانەی کیم لە کاتێکدان کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆریاکانی باکوور و باشوور لە خراپترین ئاستی چەندین ساڵی رابردوودان، بە جۆرێک کە کۆریای باکوور دەڵێت، 250 مووشەکهاوێژی بالیستیی لەسەر سنووری باشوور جێگیرکردووە.
پیۆنگیانگ پێشتر بەڵێنی داوە چەکە ئەتۆمییەکانی بە "شێوەیەکی گەورە زیاد بکات". هەروەها ساڵیادە فەرمییەکان دەکاتە دەرفەتێک بۆ پێشاندانی جبەخانەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ