رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، ئۆکراینا بە زیاتر لە 140 درۆن، هێرشی کردە سەر رووسیا، لە ئەنجامدا کەسێک لە نزیک مۆسکۆ کوژرا، گەشتە ئاسمانییەکان وەستێنران و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چەندین شوێن خرایە کار.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شەوی رابردوو 144 درۆنی ئۆکراینایان تێکشکاندووە، 72 لەوانە لە هەرێمی بریانسک، 20 لە هەرێمی مۆسکۆ، 14 لە هەرێمی کورسک، 13 لە هەرێمی تولا و 25ی دیکە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە.
ئەندرێ ڤۆۆبیۆڤ، پارێزگاری هەرێمی مۆسکۆ لە نامەیەکی تەلەگرامدا دەڵێت، ژنێکی تەمەن 46 ساڵ کوژراوە و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، دەنگۆی کوژرانی منداڵێکی تەمەن 9 ساڵان هەیە، بەڵام پشتڕاستنەکراوەتەوە.
لە ئەنجامی هێرشەکەی ئۆکراینادا، بەیانیی رۆژی سێشەممە، چوار فڕۆکەخانەی مۆسکۆ گەشتەکانیان هەڵوەشاندنەوە یان دوایانخستن.
ئەلێکساندەر بۆگۆماز، پارێزگاری هەرێمی بریانسک، رایگەیاند، لە هەرێمەکەیان کە هاوسنووری ئۆکراینایە، "دوژمن هێرشێکی تیرۆستیی گەورەی کرد،" باسی لەوەشکرد، "هیچ زیانی گیانی یان مادی نەبوو، هەموو هێرشەکان بەرپەرچدرانەوە."
ئۆکراینا و رووسیا زوو زوو بە شەو هێرشی درۆنی دەکەنە سەر یەکدی.
پێشڕەوی لە رۆژهەڵات
ئەم هێرشە درۆنییەی ئۆکراینا لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ دەڵێت، پێشڕەوی بەرچاوی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە، لە بەرامبەریشدا، هێزەکانی ئۆکراینا لە هێرشە پێچەوانەکەیان بۆ سەر هەرێمی کورسکی رووسیا هەوڵی پێشڕەویی زیاتر دەدەن.
رۆژی دووشەممە، رووسیا رایگەیاندبوو گوندێکی دیکەی کۆنترۆڵکردووە و هەنگاوێکی دیکە لە شاری گرنگی لۆجستیی پۆکرۆڤسک نزیکبوونەتەوە.
پۆکرۆڤسک دەکەوێتە سەر ئەو رێگە گرنگەی کە پێیدا یارمەتیی لۆجستی بۆ سوپای ئۆکراینا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەڕوات؛ رووسیا لە مێژە هەوڵی کۆنترۆڵكردنی شارەکە دەدات.
کیێڤ لە 6ی ئاب، هێرشی پێچەوانەی کردە سەر هەرێمی کورسکی رووسیا بۆ ئەوەی مۆسکۆ ناچار بکات سەربازەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە نێو خاکەکەی، بەڵام ئەوە رووینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هێزەکانی رووسیا هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکراینا چڕ کردوونەتەوە.
هەروەها مۆسکۆ لە هێرشە ئاسمانییەکانیشی بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامبووە و لەم چەند هەفتەیەی رابردوو زیاتریشی کردوون، لە نێویاندا بۆ سەر ژێرخانی گرنگ، لە کاتێکدا زستان بەڕێوەیە.
بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا دەڵێن، شەوی رابردوو، سێ درۆنی رووسیا لە ئاسمانی هەرێمی سومی خراونەتە خوارەوە، لە هەمان کاتدا لە دەوروبەری شاری کیێڤی پایتەخت سیستمی بەرگری بۆ بەرپرچدانەوەی هێرشی هاوشێوە خراونەتە کار.
ئیدارەی سەربازیی کیێڤ دواتر روونیکردەوە کە هێرشی درۆنیی رووسیا بۆ سەر شارەکە "هیچ ئەنجامێکی نەبووە."
رۆژی دووشەممە، ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیای بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا کرد.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "رووسیا هێرشدەکاتە سەر ژێرخانی سڤیلی وەک نەخۆشخانە، قوتابخانە و سوپەرمارکێتەکان."
تورک گوتی: "خەمی ئۆکراینییەکانمە بۆ ئەم زستانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ