رووداو دیجیتاڵ
بەربژێکی کورد لە سوێد بە گرنگی دەزانێت کوردانی ئەو وڵاتە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و دەڵێت: عەرەب، کورد، کریستیان، سوێدی و سەرجەم نەتەوەکان کە دەزانن ئافرەتێکی بیانی خۆی بەربژێرکردووە و دەیەوێت خزمەتی سوێد بکات، "پاڵپشتیمان دەکەن و بە جۆش و خرۆشەوە دەچن دەنگ دەدەن و ئاگادارمان دەکەنەوە کە دەنگیان پێ داوین."
نیسان شێخ ئەمین، بەربژێرێکی کوردە بۆ شارەوانیی سوێد کە خەڵکی گەرمیانە و یەکێکە لەو کەسانەی کە لە ساڵی 1988 دوو برای و بەشێک لە خێزانەکەی ئەنفالکراون، دوای ئەوە چووەتە سوێد و 28 ساڵە لە شاری لینشۆپینگ لە سوێد دەژی و 14 ساڵە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتە و ئێستاش بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەکە خۆی بەربژێرکردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 10-9-2022، نیسان شێخ ئەمین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرنگە وەک کورد، ئافرەت و پەنابەر بتوانین جێگەی خۆمان لە کۆمەڵگەی سوێد بکەینەوە و نیشانی بدەین کە ئێمە دەتوانین خزمەت بە کۆمەڵگەی سوێد بکەین و بچینە ناو سیاسەتەوە و دەتوانین وەک ئەوان سیاسەت بکەین."
نیسان شێخ ئەمین ئەم هەڵبژاردنە بە گرنگ بۆ کورد دەزانێت و داوا دەکات کوردانی سوێد پاڵپشتییان بکەن و دەڵێت: "ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد زۆر گرنگە، چونکە بەشێک لە سیاسەتمەدارانی سوێد و رەگەزپەرستەکان دەستیان باڵایە و دەنگیان بەرزە و بەردەوام دەڵێن ئێمە وەک پەنابەر بووینەتە کێشە بۆ سوێد، بۆیە دەمەوێت جێگەی خۆم لە شارەوانی بکەمەوە و بیسەلمێنم کە ئێمە کێشە نین، بەڵکو دەتوانین پێشانی بدەین کە میللەتی کورد لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت خزمەت بکات."
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی زیادبوونی رێژەی تاوان لە نێو کۆمەڵگەی کۆچبەر و پەنابەرانی سوێددا، پارتە راستڕەوەکان حکومەتەکەی ماگدالینا ئەندرسن تۆمەتباردەکەن بەوەی کە نەیتوانیوە رێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی تاوان بگرێتەبەر، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵیشدا، ئەو بابەتە لەپاڵ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، زۆرترین مشتومڕی لەسەر دەکرێت.
نیسان شێخ ئەمین گوتیشی: "پێویستە کورد لە هەر وڵاتێک بوو جێگەی خۆی بکاتەوە، چونکە لەو وڵاتە هەر شتێک بەرامبەر کورد بکرێت، ئێمە وەک کوردێک دەتوانین لە شارەوانی، پارێزگا و پەرلەمان هەڵوێستمان هەبێت و بیسەلمێنین کە ئەو کارە هەڵەیە و شێوە راستەکەی بخەینەڕوو."
بە گوتەی نیسان، سۆسیال دیموکرات بەردەوام خۆیان بە "دۆستی کورد" زانیوە، لە هەر شوێنێک کێشە بۆ کورد هەبێت، سۆسیال دیموکرات "پارێزگاری لێ کردوون و مافی پێداون".
لەبارەی ئەو کوردانەی خۆیان بەربژێر کردووە گوتی: "لە شاری لینشۆپینگ سێ کورد خۆی بەربژێرکردووە،" هاوکات زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە سوێد پشتڕاستیکردەوە کە لانیکەم 15 بەربژێری کورد لە سوێد بەشداری لە کێبڕکێ پەرلەمانییەکەدا دەکەن و دەیان کوردی دیکە لە سەرانسەری وڵاتەکە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان بەربژێر کردووە.
بڕیارە سبەی لە سوێد هەڵبژاردنی پەرلەمانی، شارەوانی و هەرێمی بەڕێوەبچێت و سێ پارتی سەرەکی ململانێ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی دەکەن.
هاوکات ئەمڕۆ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوێد لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ماگدالینا ئەندرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد کە هاوکات سەرکردەی پارتی سۆسیال دیموکراتە، رایگەیاند: "پێموایە زۆر گرنگە لێرە بەڕوونی بڵێم کە سەرەڕای رێککەوتنمان لەگەڵ تورکیا، هیچ کوردێکی خاوەن وڵاتینامەی سوێد رادەستی تورکیا ناکرێتەوە و هەر کەسێکیش ئەگەر بەگوێرەی یاسای سوێدی کارێكی تیرۆریستی ئەنجام نەدات، دەرناکرێت."
ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کاتێکدایە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە دوا لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، تورکیا رەزامەندیی لەسەر بە ئەندامبوونی فینلاند و سوێد دا لەو هاوپەیمانێتییە دەربڕی، ئەمەش لە بەرامبەر بە رازیبوونی ئەو دوو وڵاتە بە رادەستکردنی ژمارەیەک داواکراو بە ئەنقەرە.
بەگوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای پۆلەتیکۆی ئەمریکی، سەبارەت بە رێژەی دەنگدانی پارتەکانی سوێد، پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی سوێد پێشەنگە بە دەستهێنانی 29٪ دەنگەکان و دوای ئەو پارتەش پارتی دیموکراتەکانی سوێد دێت کە بە پارتێکی دژە پەنابەر و رەگەزپەرست ناسراون، 20٪ دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ