رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهانی ئێستا و پێشەنگی بواری تەکنەلۆجیا، لە گوتارێکدا کە لە رۆژنامەی ڤێڵت-ی ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە، بەرگری لە پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی راستڕۆی تووندڕۆی AfDی ئەڵمانیا دەکات. لە کاردانەوەی ئەوەدا، سەرنووسەری رۆژنامەکە دەستی لەکار کێشایەوە.
مەسک 20 کانوونی یەکەم گوتبووی: "تەنیا AfD دەتوانێت ئەڵمانیا رزگاربکات." لە گوتارەکەی رۆژی شەممەیدا، مەسک بەرگری لەو قسەیەی دەکات و پێیوایە، ئەو پارتە دژە کۆچبەرە "دوا ترووسکەی هیوای وڵاتەکەیە کە لە لێواری داڕمانی کولتووری و ئابووریدایە."
ژمارەیەک لقی پارتەکە (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەوە بە "پەڕگیر" پۆڵێنکراون، بەڵام مەسک دەڵێت، تەنانەت پۆڵێنکردنی AfD بە راستڕۆی تووندڕۆش "هەڵەیە"، لەبەرئەوەی سەرۆکی پارتەکە هاوژینێکی هەیە کە "هاوڕەگەزی خۆیەتی و خەڵکی سریلانکایە."
لەبەرئەوەی بڕیارە ئیلۆن مەسک رۆڵێکی دیار لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکادا ببینێت، قسەکانی لەسەر کاروباری نێوخۆی ئەڵمانیا بوونەتە هۆی ناڕەزایی بەشێکی ئەڵمانییەکان و بە دەستوەردان لە دیموکراسیی وڵاتەکەیان تۆمەتباری دەکەن. بە تایبەتیش لە کاتێکدا وڵاتەکە لە 23ی شوبات هەڵبژاردنی گشتی دەکات.
راپرسییەکان نیشانی دەدەن پارتی AfD لەوانەیە 19٪ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
بڵاوبوونەوەی گوتارەکەی مەسک لە رۆژنامە ئەڵمانییەکەدا بووە هۆی ناڕەزایی و دەستلەکارکێشانەوەی سەرنووسەری رۆژنامەکە.
ئیڤا ماری کوگل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ گوتارێکی مەسک لە ڤێڵت ئەم سۆنتاگ بڵاوکرایەوە. دوێنێ، دوای ئەوەی چاپکرا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشكێشکرد."
هاوکات ئەندریاس ئۆدرێچ، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پارتی سەوزی ئەڵمانیا نووسیویەتی: "نابێت رێگە بە ئیلۆن مەسکەکانی ئەم جیهانە، دەوڵەتی چین یان کارگە هەراسانکەرەکانی رووسیا بدرێن مەترسی بخەنە سەر دیموکراسییەکانمان لە ئەورووپا."
هەروەها سەندیکای رۆژنامەڤانانی ئەڵمانیا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبە رێگەدانی رۆژنامەی ڤێڵت بە بڵاوکردنەوەی ئەو "رێکلامی هەڵبژاردنە".
میکا بیوستەر، سەرۆکی سەندیکاکە گوتی: "پێویستە میدیای ئەڵمانیا رێگە بە خۆی نەدات دەستەمۆ بکرێت و بکرێتە زمانحاڵی تاکڕەوەکان و هاوڕێکانیان."
یان فلیپ، سەرنووسەری نوێی رۆژنامەکە دژایەتیی خۆی بۆ قسەکانی مەسک دەربڕی و رایگەیاند: "بلیمەتەکانیش هەڵە دەکەن."
سەرنووسەرەکە هەروەها دەڵێت: "AfD مەترسییە بۆ سەر بەهاکانمان و ئابووریمان،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەیەکی پارتەکە لە هەرێمی تورینگیا چەندین جار بەهۆی بەکارهێنانی درووشمی نازییەکانەوە سزادراوە.
مەسک هۆکاری قسەکردنی لەسەر کاروباری نێوخۆی ئەڵمانیا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە "وەبەرهێنانێکی گەورە"ی لەو وڵاتەدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ