رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی رووسیا دەڵێت، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئامادەکاری بۆ "ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی" بۆسەر هێزەکانی رووسیا لە سووریا دەکەن.
رۆژی شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی دەزگای هەواڵگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ئەمریکا و بەریتانیای بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی وڵاتەکەیان لە سووریا تۆمەتبار کرد.
دەزگای هەواڵگریی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، درۆن بە فەرماندەکانی رێکخراوی داعش دراوە بۆ ئەوەی هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی رووسیای پێبکەن.
هەواڵگریی رووسیا دەشڵێت: "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە هەمانە، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و سەرکردایەتیی بەریتانیا دەیانەوێت لەگەڵ لادانی بەشار ئەسەد، رێگە نەدەن سەقامگیری لە سووریا بەرقەرار بێت. ئەوان دەیانەوێت ئاژاوەگێڕی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام بێت."
بە گوێرەی هەواڵگریی رووسیا، "واشنتن و لەندەن پێیان بە دروستکردنی ئەو دۆخە، دەتوانن ئامانجە جیۆسیاسییەکانیان خێراتر بەدەستبهێنن."
رووسیا یەکێک لە هاوپەیمانە هەرە نزیکەکانی بەشار ئەسەد بوو و لە ساڵی 2015 چووە نێو جەنگی نێوخۆی وڵاتەکە و رێڕەوی جەنگەکەی لە بەرژەوەندیی حکومەتی سووریادا گۆڕی.
وڵاتەکە بنکەیەکی ئاسمانی و بنکەیەکی دەریایی لە سووریا هەیە و بەردەوام بنکەکانی لە بەژەوەندی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بەکاردەهێنا.
دوای ئەوەی رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، گرووپە چەکدارەکانی سووریا رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند، بەشار ئەسەد رووی لە رووسیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ