رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تێکشانی فڕۆکەیەک لەکاتی نیشتنەوەی دا لە فڕۆکەخانەی مووانی باشووری رۆژئاوای کۆریای باشوور 177 کەس گیانیان لەدەستدا.
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی کۆریای باشوور پێشبینی دەکەن؛ ژمارەی قوربانییانی ئەو رووداوە زیاد بکات.
بەرگریی شارستانی وڵاتەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا دوو کەس بە زیندوویی رزگارکراون کە تیمی فڕۆکەوانی بوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-12-2024) روویدا. فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای جیجۆی کۆریای باشوورە، لەکاتی نیشتنەوەی دا لە فڕگەی خۆی لادەدات و دواتر تێکدەشکێت و ئاگری تێبەردەبێت.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی کۆریایی باشوور، فڕۆکەکە لە شاری بانگکۆکی پایتەختی تایلاند بەرەو ئەو شارەی کۆریای باشوور هاتووە و 181 کەسی تێدا بووە.
لەنێو ئەوانەی لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، شەشیان ئەندامی ستافی فڕۆکەکە بوون. تائێستا گیان لەدەستدانی177 کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی کۆریای باشوور بوون و تەنیا دووانیان تایلاندی بوون.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا دوو کەس بە زیندوویی دۆزراونەتەوە کە تیمی فرۆکەوانی بوون.
ڤیدیۆی چرکەساتی گڕگرتنی فڕۆکەکەی کۆریای باشوور؛ لە ئاسمان یەکێک لە بزوێنەرەکانی دووکەڵ و ئاگری لێوەدەردەچێت#South_korea pic.twitter.com/EwV1TAS5MZ
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 29, 2024
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی کۆریای باشوور ئاماژە بەوەدەکەن بەگوێرەی ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەکانیان و ئەو ڤیدیۆیانەی دەستیان کەوتوون؛ فڕۆکەکە لەکاتی نیشتنەوەیدا کۆنترۆڵی لەدەستداوە، لەسەر رێگەی نیشتەنەوەی خۆی لایداوە، بە دیوارێکی کۆنکرێتی کەوتووە و راستەوخۆ ئاگری گرتووە و ئاگرەکەش زیانی بە تەواوی فڕۆکەکە گەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ