دادگایەکی بەریتانیا دۆسیەیەکی سپیکردنەوەی پارەی دژی وەزیرێکی عێراقی رەتکردەوە

10-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆسیەیەکی سپیکردنەوەی پارە کە پەیوەندیی بە وەزیرێکی پێشووی حکومەتی عێراق و ئەندامانی خێزانەکەیەوە هەیە، لە دادگەیەکی بەریتانیا رەتکرایەوە. 
 
لە دۆسیەکەدا پارێزەرێکی بەریتانیای بە ناوی جۆرج فەهیم سەعید تۆمەتبارکراوە بەوەی یارمەتیی خێزانە عێراقییە دەوڵەمەندەکەی داوە تاوەکو هۆتێلێک بە بەهای نزیکەی 35 ملیۆن دۆلار و خانوویێک بە بەهای 11 ملیۆن دۆلار لە نێوەڕاستی لەندەن بکڕێت. 
 
پارێزەرەکە لەو مامەڵانەدا تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ؛ یاساکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەی پێشێلکردووە. 
 
دۆسیەکە لە لایەن فەرمانگەی رێکخستنی پارێزەرانی بەریتانیا دژی پارێزەرەکە تۆمارکراوە، بەڵام دادگەی باڵای دادی بەریتانیا لە لەندەن سکاڵاکەی رەتکردەوە، چونکە پێیوایە لایەنی سکاڵاکار نەیتوانیوە تۆمەتەکانی دژی پارێزەرەکە بسەلمێنێت. 
 
بڕیاری دادگەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتێکدا مامەڵە داراییەکانی جۆرج فەهیم سەعید بۆ خێزانی ئەو وەزیرە عێراقییە لە رووی جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەوە کەموکورتییان تێدا بووە، ناگەنە ئاستی سەرپێچی و تاوان. 
 
دادگەکە رەتیکردووەتەوە ناوی وەزیرە عێراقییەکە ئاشکرا بکرێت بۆ ئەوەی دۆسیەکە وەک چەکێکی سیاسی بۆ ناوزڕاندن دژی بەکارنەهێنرێت. 
 
پارێزەرەکە، وەک نێوەندگیرێکی خانووبەرە، بە بەهای 95.8 ملیۆن پاوەندی بەریتانی کە دەکاتە نزیکەی 120 ملیۆن دۆلار، خانووبەرەی بۆ خێزانی وەزیرە عێراقییەکە کڕیوە. 7 لەو موڵکانەی کڕدراون لەو کاتەدا بوون، کە وەزیرەکە لە پۆستەکەیدا بووە. 
 
ئەوەی کێشەی لەسەرە کڕینی هۆتێل و خانووە گرانبەهاکەی لەندەنە. 
 
لایەنی سکاڵاکار، واتە فەرمانگەی رێکخستنی پارێزەرانی بەریتانیا، پێیوایە پێویست بوو پارێزەرەکە هۆشیارتر بێت لە کڕینی ئەو موڵکانە، بەو پێیەی ئەندامێکی خێزانەکە کەسایەتییەکی سیاسیی دیاری عێراقە و گومانی سپیکردنەوەی پارەی لێ دەکرێت. 
 
بەڵام پارێزەرەکە، وێڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت وەک پێویست پابەندی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە نەبووە، باسی لەوە کردووە پێش ئەوەی ئەو مامەڵانە بکات، لێکۆڵینەوەی کردووە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، ئەو کەسەی موڵکەکان دەکڕێت، کەسایەتییەکی سیاسیی دیار نییە، بەڵکو ئەندامێکی خێزانی کەسایەتییەکەیە. 
 
دادگە دەڵێت، ئەو کەموکورتییە بە مەترسییەکی مامناوەندی پێشێلکردنی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی پارە سپیکردنەوە دادەنرێت، نەوەک مەترسییەکی بەرز، بۆیە ناتوانێت بە سەرپێچیکار هەژماری بکات. 
 
بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، ئەو کەسانەی سامانەکان بە ناویانەوە کڕدراون، برایەک و کوڕێکی وەزیرەکەن. 
 
پارێزەرەکە، واتە جۆرج فەهیم سەعید سەرەتا وەک راوێژکاری یاسایی لەگەڵ خێزانە عێراقییەکە کاری کردووە و لەو ماوەیەدا بە نوێنەرایەتیی ئەوان، ژمارەیەک مامەڵەی دارایی گەورەی کردووە، لەنێویاندا کڕینی خانووبەرە لە لەندەن. 
لە نێوان ساڵانی 2011 و 2019ـدا، جۆرج فەهیم سەعید سەرپەرشتیی 14 گرێبەستی کڕینی خانووبەرەی بۆ خێزانەکە کردووە کە کۆی گشتیی بەهاکەیان 120 ملیۆن دۆلار بووە. 
 
هۆتێلەکە
 
سەرنجی سکاڵای فەرمانگەی رێکخستنی پارێزەرانی بەریتانیا لەسەر کڕینی هۆتێل و خانووەکەیە. 
 
هۆتێلەکە بە بەهای 27 ملیۆن پاوەند (نزیکەی 35 ملیۆن دۆلار) بووە؛ لە تشرینی یەکەمی 2017، برای وەزیرەکە پارێزەرەکەی راسپاردبوو بیکڕێت. 
 
خاوەنی هۆتێلەکە کۆمپانیایەکی بەریتانی بوو. دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2019 مامەڵەکانی کڕینی تەواو بوون، خاوەندارێتیی هۆتێلەکە گوێزراوەتەوە سەر ناوی کۆمپانیایەکی نوێ و برای وەزیرەکەش بووەتە بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە. بەڵام سوودمەندی کۆتایی مامەڵەکە، واتەی ئەوەی پارەکەی چووەتە گیرفان، کوڕی وەزیرەکە بووە.
ئەو پارەیەی بۆ پارێزەرەکە نێردراوە بۆ ئەوەی هۆتێلەکەی پێ بکڕێت، بە ناوی برازای وەزیرەکەوە نێردراوە کە لە عێراق دادەنیشێت. 
 
پارەکە لە رێگەی کۆمپانیایەکی ئیماراتییەوە نێردراوە کە برای وەزیرەکە خاوەنییەتی. 
 
خانووەکە 
 
لە شوباتی 2018، برای وەزیرەکە پارێزەرە بەریتانییەکەی راسپاردووە بۆ ئەوەی خانووە گرانبەهاکە لە نێوەڕاستی لەندەن بە بەهای نزیکەی 11 ملیۆن دۆلار بکڕێت. 
 
بە گوێرەی سکاڵانامەکە، برای وەزیرەکە پارچە زەوییەکی گەورەی لە عێراق فرۆشتووە و بەشێکی داهاتەکەی بۆ کڕینی ئەو خانووە بەکارهێناوە. 
 
پارچە زەوییەکە لە لایەن سەرمایەدارێکی هاوڕێی خێزانەکە کە لە دوبەی دادەنیشێت، کڕدراوە. 
سوودمەندی کۆتایی خانووەکەی لەندەن، خودی وەزیرەکە بووە، وەک سکاڵانامەکە ئاماژەی پێ دەکات.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە