رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەرازیل پشتڕاستیان کردەوە، هەر 62 سەرنشینی ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەستداوە کە لە هەرێمی ساوپاوڵۆ تێکشكا.
فڕۆکەکە لە شاری کاسکاڤێلی هەرێمی پارانا بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی گوارۆلیۆسی ساوپاوڵۆ دەچوو، بەڵام لە شاری ڤینیێدۆ تێکشکا.
ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە پێشانی دەدەن کە فڕۆکەیەکی گەورە لە ئاسمانەوە بە خێراییەکی زۆر خۆی بە زەویدا دەکێشێت. هەندێ دیمەنی دیکە شوێنی تێکشکانی فڕۆکەکە پیشاندەدەن کە دووکەڵ و ئاگرێکی گەورەی لێ بەرزدەبێتەوە.
بەرپرسانی بەرازیل رایانگەیاند، "هیچ کەس رزگاری نەبووە."
58 لە سەرنشینەکان گەشتیار و 4ی دیکە ئەندامی ئەندامی دەستەی فڕۆکەوانی بوون.
شاری ڤینیێدۆ کە 76 هەزار دانیشتووی هەیە، بە دووری 80 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ساوپاوڵۆ.
پێش ئەوەی زانیارییەکان پشتڕاستبکرێنەوە، لویز داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیل راگەیاند، "وا دیارە" هەموو سەرنشینەکان و دەستەی فڕۆکەوانەکانیش گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی بەرازیل داوای لە خەڵک کرد، وەک رێزگرتنێک، خولەکێک بە بێدەنگی بۆ سەرنشینانی فڕۆکە تێکشكاوەکە بوەستن.
ڤیۆپاس، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی خاوەنی فڕۆکەکە رایگەیاند، هێشتا دیار نییە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە چییە.
فڕۆکەکە لە جۆری ATR 72-500 و دروستکراوی فەرەنسایە.
🔴بە ڤیدیۆ؛ لە ساوپاولۆی بەرازیل فڕۆکەیەک دەکەوێتە خوارەوە، دەگوترێت 62 سەرنشینی تێدابووە pic.twitter.com/vKMAnoyNzu
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 9, 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ