رووداو دیجیتاڵ
پارتە راستڕۆ تووندڕۆکان سەرکەوتنی گەورەیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا بەدەستهێنا و لە هەندێک شوێن پێش پارتە دەسەڵاتدارەکانی وەکو پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆماری فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا کەوتن.
لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی ئەورووپا بەگشتی بە شێوەیەکی بەرچاو مەیلی بەرەو راست رۆیشت.
ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکێتییەکە لە کاتێکی هەستیاردا بوو، ئەوەش لەبەر ئەوەی گیرۆدەی لێکەوتی جەنگەکانی غەززە و ئۆکراینا، پرسی کۆچبەران و گۆڕانی کەشوهەوایە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی پێنج ساڵی داهاتووی یەکێتییە 27 ئەندامییەکە دەبێت.
پارتە راستڕۆ تووندەڕۆکەی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ژمارەی کورسییەکانی زیاتر لە دوو هێندە زیاد کرد.
لە ئەڵمانیاش، وێڕای ئەوەی ژمارەیەک ئابڕووچوون یەخەی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا"ی گرتبوو، بەڵام توانی بەشی ئەوە کورسی بەدەستبهێنێت تاوەکو پێش پارتی سۆسیال دیموکراتی ئۆلاف شۆڵتز بداتەوە.
لەبەر ئەوەی هەستی بە زیادبوونی جەماوەری راستڕۆ تووندڕۆکانی کردبوو، پارتی کریستیان دیموکراتی ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاینی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتییەکە، هەر لە پێش هەڵبژاردنەکە گوتاری سیاسیی خۆی بەرەو راست گۆڕی، لەوانەش لەسەر کۆچبەران و گۆڕانی کەشوهەوا. پاداشتی ئەوەش، مانەوەی بوو وەکو گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانە 720 کورسییەکەی یەکێتیی ئەورووپا و قسەی کۆتایی دەسەڵاتی یاسادانانیان لەدەستدا مایەوە.
بەڵام ئەستێرەی هەرە درەوشاوەی هەڵبژاردنەکە، پارتی بەرەی نیشتمانیی ماری لوپێن بوو لە فەرەنسا. پارتەکە سەرکەوتنێکی هێندە گەورەی بەدەستهێنا کە ماکرۆن یەکسەر پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد.
لوپێن بە دڵخۆشییەوە گرەوەکەی پەسند کرد و گوتی، "ئامادەین وڵاتەکەمان بسووڕێنینەوە؛ ئامادەین بەرگری لە بەرژەوەندیی فەرەنسییەکان بکەین؛ ئامادەین کۆتایی بە هاتنی بەکۆمەڵی کۆچبەران بهێنین."
بەرەی نیشتمانی سەرووی 30%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، واتە دوو هێندە زیاتر لە پارتی میانڕۆی (نوێبوونەوە)ی ماکرۆن کە کەمتر لە 15%ی مسۆگەر کرد.
ماکرۆن دانی بە شکستە گەورەکەیدا دانا و گوتی، "گوێم لە پەیامەکەتان و نیگەرانییەکانتان بوو و بێ وەڵام لێی ناگەڕێم." باسی لەوەش کرد کە تاکە هۆکاری داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت، پابەندبوونیەتی بە دیموکراسییەوە.
لە ئەڵمانیای خاوەن زۆرترین دانیشتووانی یەکێتییە 27 ئەندامییەکە، ئەنجامی بەرایی دەنگدان دەری دەخات کە پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، توانیویەتی وێڕای ئەو ئابڕووچوونانەی وەکو دڕکێک لە پێی بەربژێرە سەرەکییەکانی چەقیبوون، دەنگەکانی لە 11% زیاد بکات بۆ 16.5%. بەراورد بەو، دەنگی سێ پارتی نێو هاوپەیمانیی حکومەتی ئەڵمانیا بە ئەستەم گەیشتە 30%.
ئەو ئەنجامەی کە شوڵتز دووچاری بووە، بە جۆرێک خراپە کە پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا پێش پارتەکەی ئەوی دایەوە.
ئەلیس ڤایدێل، سەرکردەی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا گوتی، "دوای هەموو ئەو پێشبینیانەی باسیان لە لەنێوچوون دەکرد، دوای هەموو هێرشەکانی چەند هەفتەی رابردوو، ئێستا ئێمە دووەم گەورەترین هێزین."
بەگشتی هەردوو فراکسیۆنی دیموکراتە کریستیانەکان و سۆسیالیستەکان، بە هێزی باڵادەست مانەوە. دەستکەوتەکانی راستڕۆ تووندڕۆکان لەسەر ئەرکی سەوزەکان بوو، کە ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن، لانیکەم 19 کورسی لەدەستدەدەن و دەچنە ریزی شەشەم لە پەرلەمانەکە.
فراکسیۆنی (نوێبوونەوە)ش کە پارتەکەی ماکرۆنی تێدایە، زیانی گەورەی بەخۆیەوە بینی و 22 کورسی لەدەستدا.
یەکێتیی ئەورووپا کە لەسەر تەپ و تۆزی رووخانی ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیای فاشی دروستبوو، بۆ ماوەی چەندین دەیە توانی راستڕۆ تووندڕۆکان لە پەراوێزدا بهێڵێتەوە و رێگەنەدات بگەنە چەقی سیاسەتەکەی. ئێستا کە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، راستڕۆ تووندڕۆکان دەتوانن ببنە یاریزانی سەرەکیی دیاریکردنی سیاسەتی یەکێتییەکە لەبارەی ژمارەیەک پرسی گرنگ، لە کۆچبەرانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئاسایش و کەشوهەوا.
بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی شتێکی لەو جۆرە، ڤۆندەرلاین پێشنیازی کرد هاوپەیمانییەک لەگەڵ دیموکراتە سۆسیالیستەکان و لیبراڵە بازرگانیخوازەکان پێکبهێنێت. لەبەر ئەوەی دیموکراتە کریستیانەکان (پارتەکەی ڤۆندەرلاین) کورسی زیاتری بەدەستهێناوە و دوو پارتەکەی دیکە لەدەستیانداون، ڤۆندەرلاین لە پێگەی هێزەوە قسە دەکات و دەکرێت دوو پارتەکە بە ئاسانی دەستی هاوپەیمانیی بۆ درێژ بکەن.
ڤۆندەرلاین گوتی، "ئێمە بە جیاوازیی گەورە، پارتی هەرە بەهێزین. ئێمە لەنگەری ئارامیین."
ئەنجامەکان بە ژمارە:
- فراکسیۆنی "پارتی گەلی ئەورووپا" کە پارتی دیموکراتە کریستیانەکەی ڤۆندەرلاینی تێدایە، بەپێی ئەنجامی بەرایی 184 کورسی دەباتەوە، واتە 8 کورسی زیاد دەکات.
- دیموکراتە سۆسیالیستەکانیش ژمارەی کورسییەکانیان وەکو خۆی ماوەتەوە و بە 139 کورسی لە پلەی دووەم دێن.
- فراکسیۆنی بازرگانیخوازی (نوێبوونەوە) دوای لەدەستدانی 22 کورسی، 80 کورسی بۆ ماوەتەوە و لە پلەی سێیەم دێت.
- نەریتخواز و ریفۆرمخوازانی ئەورووپا 4 کورسییان زیاد کردووە و ئێستا بە 73 کورسییەوە چوارەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ئەورووپان.
- فراکسیۆنی ناسنامە و دیموکراسی، 9 کورسی زیاد کردووە و بە 58 کورسی دەبنە پێنجەم براوەی هەڵبژاردنەکە.
- لەدوای ئەوان، سەوزەکان دێن کە 19 کورسییان لەدەستداوە و 52یان بۆ ماوەتەوە.
- سەربەخۆیەکانیش، واتە ئەوانەی سەر بە هیچ فراکسیۆنێک نین، کورسییان بەدەستهێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، ژمارەیان 17 کەس کەمبووەتەوە.
- فراکسیۆنی چەپەکانیش یەک کورسی لەدەستداوە و 36ی بۆ ماوەتەوە.
- پارتە بچووکەکانی دیکەش، 53 کورسییان بەدەستهێناوە.
ژمارەکان چی دەڵێن؟
ئەڵمانیا کە لە کۆنەوە پێگەی هەرە گەورەی سەوزەکان بوو، شکستی هەرە گەورەی سەوزەکانی بەخۆیەوە بینی. بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، دەنگی سەوزەکان لە سەر ئاستی ئەڵمانیا 20% کەمبووەتەوە بۆ 12%. لەبەر ئەوەی لە فەرەنسا و شوێنەکانی دیکەش کورسیی بەرچاویان لەدەستداوە، چاوەڕێ دەکرێت شکستی سەوزەکان کاریگەریی لەسەر سیاسەتی گشتیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا هەبێت.
پارتی (دیموکراتە کریستیانەکان)ی راستڕۆی میانڕۆی ڤۆندەرلاین، کە پێش هەڵبژاردنەکە پێداگریی خۆی لەسەر داواکارییەکانی پەیوەست بە ژینگە کەمکردەوە، بە بەدەستهێنانی سەروو 30%ی دەنگەکان، یەکەمی ئەڵمانیا بوو، واتە بە ئاسانی "دیموکراتە سۆسیالیستەکان"ی شۆڵتزی بەزاند کە 14%ی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا 15.6%ی بردووەتەوە.
رۆیشتنی زیاتری یەکێتیی ئەورووپا بەرەو لای راست، دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی یەکێتییەکە نەتوانێت بە ئاسانییەکەی جاران یاسا دەربکات و رەنگە لە هەندێک کاتدا، پڕۆسەی بڕیاردان لە گەورەترین قەوارەی جیهان پەکیبکەوێت.
ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپی، کە هەر پێنج ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن، لە دەرکردنی یاسا داراییەکان و دانانی سیاسەتی کەشوهەوا و کشتوکاڵدا، خاوەن بڕیارن. ئەوان بودجەی یەکێتیی ئەورووپا پەسند دەکەن و مافی ڤیتۆکردنی ئەندامان یان سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتییەکەیان هەیە کە دەزگەی بەهێزی جێبەجێکاریی قەوارەکەیە.
ئەم هەڵبژاردنە وەک تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ متمانەی دەنگدەری ئەورووپی بە دەزگەکانی یەکێتییەکەیان کە شوێنی نیشتەجێبوونی 450 ملیۆن کەسە. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، یەکێتییەکە ژمارەیەک کۆسپی هاتووەتە پێش، لەوانەش پەتای کۆرۆنا و پاشەکشەی ئابووری و قەیرانی وزە لە ئەنجامی گەورەترین ململانێی سەربازی کیشوەری ئەورووپای دوای جەنگی دووەمی جیهانی. بەڵام زۆربەی کات، سەرنجی گوتاری سیاسی لەسەر پرسی پەیوەست بە تاک تاکی وڵاتانە، نەوەک یەکێتییەکە بە گشتی.
لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 2019ی یەکێتیی ئەورووپا، پارتە راستڕۆیە تووندڕۆ و پۆپۆلیستەکان حکومەتی سێ وڵاتیان کەوتووەتە دەست (هەنگاریا، سلۆڤاکیا و ئیتاڵیا)، هەروەها بوونەتە بەشێک لە هاوپەیمانیی حکومەتەکان لە وڵاتانی وەک سوێد، فینلاند و هۆڵەنداش بەڕێوەیە. پۆپۆلیستەکان لەم هەڵبژاردنەشدا لە فەرەنسا، بەلجیکا، نەمسا و ئیتاڵیا قازانجیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ