لە باکووری ئەفغانستان 50 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

11-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی تاڵیبان رایانگەیاند، بەهۆی لافاوەوە لە پارێزگای بەڵغانی باکووری ئەفغانستان لانیکەم 50 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
هیدایەتوڵڵا هەمدەرد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکانی بەڵغان، ئاماژە بەوە دەکات، لافاوەکە لە چەندین ناوچە زیانیان بە ماڵ و سامانی خەڵک گەیاندووە.
 
هەمدەرد باسی لەوە کرد، ئەو ئامارەی لەبارەی زیانە گیانییەکان کۆیانکردووەتەوە، ئامارێکی سەرەتاییە و دەکرێت زیاتر بێت، چونکە "خەڵکێکی زۆر بێسەروشوێن بوون."
 
عەبدوڵڵا جەنان، گوتەبێژی وەزارەتی بەڕێوەبردنی کارەساتە سرووشتییەکانی ئەفغانستان رایگەیاند، لافاو کابوڵی پایتەختیشی گرتووەتەوە.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، تیمە فریاگوزارییەکان خواردن و یارمەتییەکانی دیکەیان گەیاندووەتە لێقەوماوان. جەنان باسی لەوەش کرد، هەموو هەوڵێکیان خستووەتە خزمەت رزگارکردنی خەڵک.
 
مانگی رابردووش لانیکەم 70 کەس لە ئەنجامی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 2000 ماڵ، سێ مزگەوت و چوار قوتابخانەش زیانیان بەرکەوت.
 
ئێستا هەزاران کەس لە ئەفغانستان دەربەدەرن. لافاو زیانی گەورەی بە کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە و مرداربوونەوەی 2500 سەر ئاژەڵی لێکەوتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە