رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا کە بە ئەنجوومەنی دووما ناسراوە، میخایل میشوستنی دووبارە بە سەرۆکوەزیران هەڵبژاردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە بەربژێر کرا.
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی پووتین، میشوستنی بەربژێر کرد، ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا کۆبووەوە و پەسندی کرد.
بەگوێرەی ئەو هەموارانەی لە ساڵی 2020 لە دەستووری رووسیادا کران، ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێرێت و ئەویش ئەندامانی کابینەکەی دیاری دەکات.
دانانی میشوستن لە پۆستی سەرۆکوەزیران کە بە کەسێکی تەکنۆکرات ناسراوە، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو.
میشوستن و تەکنۆکراتەکانی حکومەتی رووسیا توانیویانە رەزامەندیی سەرۆک و بەشێکی زۆری خەڵکی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بەو پێیەی توانیویانە سەرباری سزاکانی رۆژئاوا، ئابووریی رووسیا بە زیندوویی بهێڵنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی ئەندامانی کابینەی پێشوو لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە، بەڵام چارەنووسی سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری روون نییە.
میشوستنی تەمەن 58 ساڵ، کە چوار ساڵی رابردووش ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوو، بەپێی یاسای رووسیا، رۆژی پێنجشەممە دوای دەستبەکاربوونی پووتین لە پێنجەم خوولی سەرۆکایەتیدا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشكێش کرد.
میشوستن بەڕێوەبەری پێشووتری فەرمانگەی باجی رووسیا، لە ماوەی رابردوودا خۆی لە کێشمەکێشی سیاسی بەدوورگرتووە و کەم لە میدیاکاندا دەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ