جیهان
مۆنیومێنتی واشنتن لەکاتێکدا هەورەبرووسکەیەک لێی دەدات لە 1-7-2005، وێنە: Kevin Ambrose - Washington Post
رووداو دیجیتاڵ
ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەنجامی کار و چالاکییەکانی مرۆڤەوە بەسەر ژینگەدا هاتوون، کاریگەریی ناڕاستەوخۆیان لەسەر زەوی هەیە. یەکێک لەو کاریگەرییانە ئەوەیە 'لە ئەنجامی پیسبوونی هەوا، هەورەبرووسکە زیاتر روودەدەن' ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە.
زانایانی زانکۆی جەیمس مادیسنی ئەمریکی، دوای لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە 500 هەزار هەورە برووسکەی 12 ساڵی رابردووی شارەکانی واشنتن و کەنساس، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، هەوای شارەکان چەند پیستر بێت، هەورە برووسکەی زیاتریان تێدا روودەدات.
زانایان دەڵێن، هەبوونی تەنۆلکە و گەردی پیسکەر لەنێو هەوادا، رێ خۆشدەکەن بۆ بەتاڵکردنەوەی بارگەکانی نێو هەورەکان، واتە هەورەبرووسکە زیاتر روودەدەن.
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، ئەگەرچی زیادبوونی ئەو تەنۆلکە پیسکەرانە لەنێو هەوادا دەبێتە هۆی زیادبوونی هەورەبرووسکە، بەڵام ئەگەر چڕییەکەیان لە رادەبەدەر زیادبوو و گەیشتە ئاستێک، ئەوا هەورە برووسکە کەمدەبێتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی بارگەی هەورەکان لەنێو هەوا پیسەکەدا لاواز دەبن.
زانایانی زانکۆی جەیمس مادیسن هەروەها گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، پیسبوونی هەوا بە تایبەتی لەو رۆژانەدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەورەبرووسکە کە شێ و پلەی گەرما زیادبێت.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری Atmospheric Researchی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ