جیهان
وێنەیەکی ئەرشیڤیی مووشەکێکی بالیستیی ئێران کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەڵدەدرێت لە ساڵی 2016، وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رەتیناکاتەوە مووشەکی بالیستیی کورتمەودای لە ئێرانەوە وەرگرتبێت.
پێشتر راپۆرتێکی میدیای ئەمریکی ئاشکرای کردبوو تاران ئەو چەکانەی بە مۆسکۆ داون.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رۆژی دووشەممە، گوتی "ئێران هاوبەشی گرنگی ئێمەیە و پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان بەرەوپێش دەبەین، هاوئاهەنگی و دانوستاندنمان لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێش دەبەین، بە هەستیارترین بوارەکانیشەوە."
پێش ئەوە و هەر رۆژی دووشەممە، یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندبوو، زانیاریی هەواڵگرییان هەیە کە ئیران مووشەکی بالیستیی بە رووسیا داوە. هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر زانیارییەکانیان پشتڕاست بکرێنەوە، سزای زیاتر بەسەر تاراندا دەسەپێنن.
پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتییەکە گوتی "ئێمە ئاگاداری ئەو زانیارییە باوەڕپێکراوانەین کە لە لایەن هاوپەیمانانەوە لە بارەی گواستنەوەی مووشەکی بالیستیی ئێرانی بۆ رووسیا، خراونەتەڕوو."
گوتەبێژەکە هەروەها دەڵێت "ئێمە، لەگەڵ وڵاتانی ئەنداممان، زیاتر لێی دەکۆڵینەوە، ئەگەر پشتڕاستکرایەوە، ئەوا پێدانی ئەم مووشەکانە دەبێتە هەڵچوونێکی بەرچاو لە پشتیوانیی ئێران بۆ جەنگی نایاسایی و دوژمنکارانەی رووسیا دژی ئۆکراینا."
پێشتر دوو کەسی ئاگادار لە بابەتەکە بە ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێسی ئەمریکییان گوتبوو، ئەمریکا هاوپەیمانەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئێران ئەو چەکانەی بە رووسیا داوە بۆ ئەوەی لە جەنگی دژی ئۆکراینا، بەکاریانبهێنێت.
دوو بەرپرسەکە هیچ وردەکارییان لەبارەی ژمارەی چەکەکان یان کاتی گواستنەوەیان نەخستووەتەڕوو، بەڵام پشتڕاستیان کردووەتەوە؛ هەواڵگریی ئەمریکا دڵنیایە لە گواستنەوەیان.
کۆشکی سپی ئامادە نەبوو ئەو هەواڵە پشتڕاستبکاتەوە، بەڵام جەختی لە نیگەرانیی خۆی بەرامبەر قووڵبوونەوەی پەیوەندیی نێوان رووسیا و ئێران کردەوە.
شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی "گواستنەوەی هەر مووشەکێکی بالیستیی ئیران بۆ رووسیا، دەبێتە هەڵچوونێکی گەورە لە پشتیوانیی ئێران بۆ جەنگی دوژمنکارانەی رووسیا دژی ئۆکراینا و، دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی زیاتری سڤیلی ئۆکراینا. ئەم هاوبەشییە هەڕەشە لە ئاسایشی ئەورووپا دەکات و پێشانی دەدات کاریگەریی تێکدەرانەی ئێران بە چ رادەیەک دەگاتە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرانسەری جیهان."
پیتەر ستانۆ رۆژی دووشەممە گوتی "هەڵوێستی کۆدەنگیی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەمیشە روون بووە. یەکێتیی ئەورووپا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، وەڵامێکی خێرای دەبێت، لەوانەش لە رێگەی سەپاندنی کۆتوبەندی نوێ بەسەر ئێراندا."
وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هۆشدارییان بە تاران داوە بۆ ئەوەی چەک بە رووسیا نەدات.
یەکێتیی ئەورووپاش چەند جارێک لە بەرامبەر ناردنی درۆن بۆ رووسیا، سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
هەواڵی ناردنی ئەم مووشەکە بالیستییانەش لەکاتێکدایە؛ مۆسکۆ گوڕوتین بە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا دەدات و ژێرخانی گرنگی ئەو وڵاتە بۆردوومان دەکات.
بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەریدا سەپێنراوە، مۆسکۆ رووی کردووەتە ئێران و کۆریای باکوور بۆ کڕینی چەک تاوەکو جبەخانەی جەنگەکەی لە دژی ئۆکراینا، بەتاڵ نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ